فەرماندەیەکی باڵای پێشمەگە ئاشکرایدەکات، کەسایەتیەکی نزیک لە ئەبوبەکر بەغدادی سەردانی ویلایەتەکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدینی کردووە و هێزەکانی داعشی لەو ناوچانە ڕێکخستووەتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید محەمەد چەوری جێگری فەرماندەی لیوای 144 ی پێشمەرگە لەناوچەکانی سنوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، دەڵێت "داعش جوڵەیەکی زۆر زۆری لەکەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین هەیە، بەتایبەت لەدەوروبەری خورماتوو هەیە، هەندێکجار ژمارەی چەکدارەکانی دەگاتە 100 چەکدار."
جەختیشیکردەوە"حکومەتی عێراقی لەهەر ناوچەیەک ئۆپەراسیۆن بکات، داعش پێشوەخت هێزەکانی لەو ناوچە دەکێشێتەوە و دەیانبات بۆ ناوچەی ئارامتر."
فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی بەناوی (حسام) کە بە ( ئەبوعەبدولرەحمان ) ناسراوە، لەگەڵ 17 چەکداری تردا هاتوونەتە سنوری خورماتوو، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی داعش و 10 ڕۆژ لەناوچەکە ماونەتەوە، بێ ترس بە سێ ئۆتۆمبێلی پیکاب سوڕاونەتەوە، وتی"دووجار بە سەیارەی پیکاب لە جادەی نێوان کفری_خورماتو پەڕیونەتەوە و هاتووچۆیان کردووە."
بەپێی وتەی عەمید محەمەد، ئامۆزاکەی ئەبوبەکر بەغدادی هێزەکانی داعشی لەناوچەکە ڕێکخستووەتەوە، ژمارەیەک شارەزای بواری تەقینەوە و قەناس بەدەستی هێناوەتە سنورەکە، وتی"هەرچی دادوەری شەرعی و فەرماندەی داعشە، هەمووی گۆڕیووە."
جوڵەی داعش لە عێراق، لە ئێستادا لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین چڕبووەتەوە، هێزەکانیان ناو بەناو پەلاماری خاڵە سەربازیەکانی عێراق و هەندێکجار پێشمەرگەش دەدەن.