Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆچ، قوربانییەکی تری سیاسەت و فەرمانڕەوایەتی


کۆچکردن یەکێکە لە مافە ڕەواکانی خەڵک بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤ؛ هەمیشەش وەک پەرچەکردارێک لێی دەڕوانرێت لەبەرامبەر ڕەوشە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەکان، لەوانە، ڕەوشی سیاسی و ئابوری و فەرمانڕەوایەتی و هتد.


ئەو کاتەی مرۆڤ لە زێدی خۆیدا هیواکانی هەڵدەوەرێن و دەگاتە ئەو بڕوایەی هیچ دەرفەتێک نەماوە بۆ چرۆ کردنەوەیان، ئەوجا بڕیار دەدات لە شوێنێکی تردا هەوڵی سەوزکردنەوەی هیواکانی خۆی بدات و بگاتە خەونی ئاسودەیی و دادوەریی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پردێک لە نێوان خۆی و ئایندەیدا.

ئەڵبەت هۆکاری تریش هەن بۆ کۆچکردن، وەک دۆسێی ژینگە، ئەمەشیان بە "کۆچبەری ژینگە" ناودێر دەکرێت. لەمەیاندا خەڵک بەهۆی کەم ئاوی یان بە بیابان بوونی زەوی، گۆڕانی کەشوهەوا، کەم خۆراکی و چەندان بابەتی تری پەیوەند بە ژینگەوە کۆچ دەکەن.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، بە هەزاران کەس کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستن، لە دارستانەکانی سەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا گیریان خواردووە.


میوانی بەرنامە:
دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی.

ئەو خەڵکە بێزارن لە کۆی سیستەمی وڵاتەکانیان و دەخوازن هەنگاوێکی گەورە بنێن و سەرلەنوێ لە جوگرافیایەکی تردا ژیان دەستپێبکەنەوە، وەک زۆربەیان دەڵێن "نایانەوێت ئەو مەینەتیانەی خۆیان بینیویانە، منداڵەکانیشیان هەمان نەهامەتی و وێرانەییەکانی ژیان ببیننەوە."

وەک دەگوترێت بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندان، هاوڵاتیانی کوردی عێراقن.
لێرەدا هیچ جیاوازییەک نییە لەوەی کوردێک لە بەدرە و جەسانەوە کۆچ بکات یان کوردێک لە زاخۆ، کوردێک لە کەرکوک یان سلێمانی یان هەولێر یان دهۆک یان هەڵەبجەوە کۆچ بکات؛ لەوانەیە جیاوازی لە هۆکارەکاندا کەم تا زۆرێک هەبن، بەڵام خاڵی هاوبەشی ئەم کۆچە بریتییە لە گەورەیی ئەو ناڕەزایەتییەی چەندان ساڵە لە ناخی یەک بە یەکیاندا قوڵپ دەدات.

لە ساڵانی هەشتاکاندا و تا ئەندازەیەکیش لە سەرەتای ساڵانی نوەدەکاندا، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی کۆچیان دەکرد، بۆ ئەو جوگرافیایە دەگریان کە ناوی نیشتمان بوو، بەڵام ئێستا ئەوەی کۆچ دەکات جیاوازە و بە شێوازێکی تر باس لە نیشتمانە سواغ دراوەکەی دەکات بە دروشمی باقوبریقەدار.

ئایا ڕەوشی کۆچبەرانی سەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا، چۆنە؟

ئایا دەزگا تایبەتمەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ تا ئێستا نەچوون بە هانای کۆچبەرانەوە؟

ئایا کۆچبەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و ناوچەکانیان؟

دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:05 0:00


XS
SM
MD
LG