ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کورد نابێت ببێتە بەشێک لە کێشەی نێوماڵی شیعە، دەبێت چاوەڕێ بکات ڕێکبکەون، پاشان بچێتە گفتووگۆوە لەگەڵیان، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ڕۆیشتنی کورد بە پەرتەوازەیی بۆ بەغدا، زەرەر بەداهاتووی دەگەیەنێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هەرێم کەمال ئاغا کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش بوو، دەڵێت "ناکۆکی نێو ماڵی شیعە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق، چونکە ئەوان حکومەت پێکدەهێنن، پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوێت."
جەختیشیکردەوە"مەسەلەی چەکدار و ئەجێندای دەرەکی وایکردووە ئابووری و توانا مرۆییەکانی عێراق بەهەدەر بدرێت."
هەرێم کەمال ئاغا ڕوونیشیکردەوە، کورد و سونە نایانەوێت ببنە بەشێک لە کێشەی نێوماڵی شیعە، گەر ببنە بەشێک لە کێشەکان، بۆ داهاتوویان باش نابێت.
سەرکردەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، شیعە دەوڵەت و مەرجەعیەتی هەیە، بۆیە کێشەکانی چارەسەر دەبن، بەڵام کورد پەرتەوازە و نایەکڕیزە، گەر نێوماڵی خۆی یەکنەخات، مەترسی لەسەر ئایندەی دروست دەبێت، وتی"کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک، بێ هۆکار نییە، هۆکارەکەی نادادپەروەریە، نەبوونی سەرچاوەی بژێوی و کارو پەرتەوازەییە."