ئەندامێکی دەست لەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێنا ئاسان نیە، بڕیاری قورسی دەوێت، دەبێت دەنگدەران ئاشت بکرێنەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەفین مەلا قەرە دەڵێت "گۆڕان سەرقاڵی دروستکردنی دەستەیەکە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی، ماوەتەوە جڤاتی نیشتیمانی متمانە بەدەستەکە بدات."
سەفین مەلا قەرە پێیوایە هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاسان نیە، بڕیاری قورس و ماندوبوونی دەوێت ودەڵێت "هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان ماون، بەڵام دەنگدەری گۆڕان لە سیاسەتی ناڕازی بووە و نەچووە بۆ دەنگدان، دەبێت دەنگدەرەکان ئاشت بکرێنەوە و متمانەیان پێبدرێتەوە."
دەربارەی هەوڵەکانی گۆڕان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە ناڕازییەکان لەبزووتنەوەکە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت "لەکۆبوونەوەی جڤاتدا، بڕیاردرا بەفەرمی سەردانی سەرکردە ناڕازیەکان بکرێت و تەکلیفی گەڕانەوەیان لێبکرێت، گەر نەگەڕانەوە، دواتر ڕایدەگەیەنین ئامادەی گەڕانەوە نین و بڕیاری تر دەدەین."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەفین مەلا قەرە ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و سەرکردەی دێرینی یەکێتی، سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی، وتی"خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچوو، چونکە کۆتایی بە قۆناغی داگیرکاری هات و هەرێم بونیاتنرا."
زانیاری زیاتر لای دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکایە.