بریندارانی چەکی کیمیاوی لە پارێزگای هەڵەبجە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەبەرامبەر بڕیارێکی حکومەت بۆ چاکسازیکردن لەو هاوکاریەی کە مانگانە وەک بریندار وەریدەگرن و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی باشترکردنی ژیانیان بخاتە گەڕ، نەک لە ڕێگەی ڕێنوماییەوە هاوکاریەکانیان ببڕێت .
کەس و کاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ، لەبەرامبەر ژمارەیەک ڕێنومایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی چاکسازیدا و بڕیاردان لەو هاوکاریەی کە مانگانە وەک بریندارانی چەکی کیمیاوی وەریدەگرن، کۆبوونەویەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدەدەن و ماوەی 14 ڕۆژیان داوە حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە ڕێنوماییەکاندا.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەناوی بریندارانی چەکی کیمیاویەوە یاداشتێکی ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و وەزارەتەکانی شەهیدان و تەندروستی کردو ڕایگەیاند" دوای 33 ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە قوربانیانی کیمیاباران لە دۆخێکی خراپدان، بەهیوابووین دوای چاکسازی حکومەت ئەو لایەنەی کە ئاوڕی لێ بدرێتەوە بریندارانی چەکی کیمیاوی بن."
بەپێی ڕێنومایی ژمارە 3ی ساڵی 2021 ، جارێکی دیکە لە ڕێگەی لیژنەکانی تەندروستیەوە پشکنین بۆ دۆسیەی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرێتەوە، هەر بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیاوی خاوەنی موچەیەکی دیکە بێت جگە لە موچەی وارسی شەهید ئەوا هاوکاریەکەی پێ نادرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند "ماوەی 14 ڕۆژ مۆڵەت دەدەینە حکومەت تا بە ڕێنوماییەکاندا بچێتەوە."
عەلی محمد، بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیاویە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "غەدرێکی گەورە لە ئێمە دەکرێت و کاریگەری دەرونی گەورە لەسەر ئێمە جێدەهێڵێت، ئەو پارەیەی وەریدەگرین بەشی پێداویستیە پێویستەکانی مانگێکی چارەسەرکردنمان ناکات."
بەپێی ڕێنوماییەکان ئەو کەسانەی پشتڕاستکرانەوە کە برینداری چەکی کیمیاوین، ئەگەر خاوەنی مووچەی دیکە نەبوون ، ئەوانەی ڕێژەی برینداریەکەیان 40%بۆ 60% ئەوا مانگانە بڕی 250.000 هەزار دیناریان پێدەدرێت، ئەوانەشی سەروی 60% ئەوا مانگانە بڕی 400 هەزار دیناریان پێدەدرێت، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە، ئاماژەشیان بەوە کرد دەیان کەس لەناو لیستی بریندارانی چەکی کیمیاویدا هەن بریندارن نین.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.