وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی بنکەی هێزی ئاسمانی زەفرە دەکات لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.
لوید ئۆستن، هاوکاتی ئەم سەردانەی ئەمڕۆ دووشەممەی بۆ ئەو بنکە سەربازییە بە سەرباز و ئەفسەرەکان کە لە بەردەم فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو- 9 دا وەستابوون، دەڵێت "بوونی ئێوە جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت "ئەمەریکا وابەستەیە بە هاوپەیمان و هاوبەشەکانیشیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" و هەروەها ئاماژەشی کردووە بەوەی واشنتۆن دەیان هەزار سەربازی هەیە لە سەرانسەری ئەو ناوچەیەدا.
ئەم سەردانەش پاش چەند ڕۆژێکە لە ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ کە دەڵێن "دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا لە بەهاری ڕابردوودا بۆیان ئاشکرابووە وڵاتی چین بە نهێنی خەریکی دروستکردنی دامەزراوەیەکە لە یەکێک لە بەندەرەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و گومانەکانیش وەهان کە دامەزراوەیەکی لەشکریی بێت."
بنکەی هێزی ئاسمانی زەفرە، یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و دوای بنکەی ئەلعەدید دێت لە قەتەر، کە بارەگای سەرکردایەتی ناوەندیی ئەمەریکای لێیە. ئەم دوو بنکەیە بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو لە گواستنەوەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان.
ئەم سەردانەش پاش یەک ڕۆژە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ موحەمەد بن زاید ئال نهیان، شازادەی تاج لە ئەبوزەبی، پایتەختی میرنشینەکانی عەرەب.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پەنتاگۆن، ئۆستن و موحەمەد بن زاید "وتووێژیان لەسەر هەڕەشە و مەترسییە هاوبەشەکان کردوە، لەوانە دۆسێی کاری پێکەوەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگری لەو ناوچەیەدا و هەروەهاش درێژەپێدانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ساڵانە ئاسایشیەکەی دیالۆگی مەنامەشدا، جەختی کردۆتەوە لەوەی واشنتۆن دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت.