دەزگای هەواڵگریی بیانی لە ڕوسیا، دەنگۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەروادێ و زیاتر دەبن بە هێند وەرناگرێت سەبارەت بەوەی مۆسکۆ پلانی هێرشکردن و داگیرکردنی وڵاتی ئۆکرانیای هەیە.
دەزگای هەوڵگریی بیانی لە ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوە دەگمەنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "ئەمەریکاییەکان وێنایەکی ترسناکی تانکەکانی ڕوسیا دەکەن و وەهای نیشان دەدەن دەست دەکەن بە وێرانکردنی شارەکانی ئۆکرانیا و باسیشیان لەوە کردووە هەندێک زانیاری بڕواپێکراویان هەیە لەسەر خواستەکانی ڕوسیا."
هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە " ئەمەریکا زانیاری هەڵە دەدات بە هاوپەیمانەکانی لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی ڕوسیا و دەڵێت بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ئامادەکراون."
وڵاتانی ڕۆژئاوا لە مانگی ڕابردوودا، باری ئاگاهییان بەرزکردەوە بەهۆی ڕاپۆرتەکان لەسەر جموجۆڵی لەشکری ڕوسیا لە نزیک سنوری ئۆکرانیاوە و ئەمەریکاش دەڵێت "نیگەرانییەکی ڕاستەقینەی" هەیە لەسەر ئەو جموجۆڵانەی بە "نائاسایی" ناودێری کردوون.
دەزگای هەواڵگریی بیانی لە ڕوسیا دەڵێت "ئەمەریکاییە بێرۆکراتەکان بەو قسەوباسانە کۆمەڵگەی جیهانی دەترسێنن."
کرملن، زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندبوو "ڕۆژئاوا ڕێبەرایەتی هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن دەکات لەسەر ئەم دۆسێیە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پشێوییەکان."
دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملن بە پەیامنێران دەڵێت " هەر جموجۆڵێکی لەشکری ڕوسیا لەناو وڵاتەکەدا نابیتە مایەی مەترسی بۆسەر هیچ کەسێک و پێویستیش ناکات ببێتە مایەی نیگەرانی هیچ کەسێکیش."
پیسکۆڤ، پێشتر نیگەرانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای بە "هیستیریا" ناودێر کردبوو.
ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە هەفتەی ڕابردوودا وڵاتانی ڕۆژئاوای گوناهبار دەکرد بە بەرزکردنەوەی ئاستی قەیرانی ئۆکرانیا لە ڕێی مەشق و ڕاهێنانی سەربازییەوە لە دەریای ڕەشدا و ئاماژەشی بەوە کرد وەک دەڵێت " فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە نزیک سنوری ئاسمانی ڕوسیاوە فڕیون."
ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیشی، ڕوسیا بەوە گوناهبار دەکەن کە هێز و چەک دەنێرێت بۆ ناوچە سنورییەکان بۆ پشتیوانی لە جوداییخوازانی ئۆکرانیا.
مۆسکۆ نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات.