Accessibility links

هەڵبژاردنی عێراق لەبەردەم دادگای باڵادا


لایەنی سەدرییەکان لە عێراق تێبینی و سەرنجی خۆی دەدات لەسەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵژاردنەکەی ڕۆژی 10ی مانگی 10ی عێراق.

لایەنی سەدرییەکان بە سەرۆکایەتی موقتەدا ئەلسەدر ڕایدەگەیەنێت "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، کارێکی ئاسان و گونجاویش نییە و هەنگاونانی هەندێک لایەنی سیاسیش بەو ئاڕاستەیەدا، فشار خستنە سەر دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقە."

ڕیاز ئەلمەسعودی، ئەندامی سەرکردایەتی سەدرییەکان دەڵێت "سەدرییەکان ڕێز لە ڕای دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و لەگەڵ بڕیارەکانی دادگادایە و ئێمەش لەوبڕوایەداین دەسەڵاتی دادوەری هیچ بڕیارێک نادات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، چونکە هیچ بیانویەکی ڕاستەقینە نییە تا ئەو ئەنجامانە هەڵبوەشێندرێنەوە و هەروەهاش پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و ڕەوا بەڕێوەچووە و هەموو ئاماژەکانیش جەخت لەم ڕاستییە دەکەنەوە."

ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنی عێراق کەلێنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە شیعەکانی گەورەتر کردووە. لایەنەکەی موقتەدا ئەلسەدر زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لایەنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن یان نزیکن لە ئێرانەوە، پاشەکشەیەکی بەرچاویان کردووە لەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018ی عێراقدا.

هادی ئەلعامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح، هەر ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بەوە کردووە "بەڵگەی یەکلاکەرەوەی ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکەدا خراوەتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە.

هادی ئەلعامری دەڵێت "هاوپەیمانێتی فەتح چاوەڕوانی بڕیاری دادگای باڵایە و چاودێری ڕەهەندەکانی ئەم بابەتەش دەکات لە ڕێی یاسایی و ئاشتیانەوە بەو پێیەی دەستور ئەو مافانەی دابین کردوە."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح هاوکاتی کۆبوونەوەی بووە لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ عێراق.

هادی ئەلعامری ڕەخنە لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەگرێت و دەڵێت "کۆمیسیۆن سەلماندی بێتوانایە و هەڵبژاردنەکەی عێراقی وەها بەڕێوەبرد کە دیمەنی سیاسی عێراق بشێوێنێت.

لەسەر پرسی مانەوەی هێزە بیانییەکانیش لە عێراقدا، هادی ئەلعامری جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە وەک دەڵێت "دەبێت هەموو هێزە بیانییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بچنە دەرێ" هەروەها داوای لە هەموو وڵاتەکانیش کردووە وابەستەی ئەو چوونەدەرەوە بن لە عێراق.

XS
SM
MD
LG