ناسا، دەزگای واڵایی سەربەخۆی حکومەتی ئەمەریکا، وەک یەکەم تاقیکردنەوەی بۆ بەرگریکردن لە هەسارەی زەوی، ئەم هەفتەیە کەشتییەکی ئاسمانی دەنێرێتە واڵایی تا لە "نەیزەکێکی دووانە" بدات بە مەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەکەی.
هەوڵەکە بە ناوی تاقیکردنەوەی ئاڕاستەگۆڕینی "نەیزەکی دووانە"، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 1:20 خولەکی شەو، ئەنجام دەدرێت لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و تیایدا کەشتییەکی ئاسمانی کە قەبارەکەی کەمترە لە دوو مەتر سێجا و کێشەکەیشی 610 کیلۆگرامە، دەکێشرێت بە پارچە نەیزەکێکدا لە واڵایی ئاسماندا.
ئەم نەیزەکە دووانەیە، نزیکەی 11 ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەویەوە دورە.
نەیزەکە دووانەییەکە بە دیدیمۆوز ناسراوە؛ تیرەی نەیزەکی یەکەم 780مەترە و تیرەی نەیزەکی دووەم 160 مەترە.
ئەم دوو نەیزەکە مەترسییان نییە لەسەر زەوی، هەروەها زانایانی ناسا هیوایان وەهایە کە لەڕێگەی ئەم تاقیکردنەوەیەوە بتوانن لە داهاتوودا ڕێگەبگرن لە هەر کارەساتێکی دووبارە لەسەر زەوی بە هۆی مەترسی نەیزەکەکانەوە.
زانایان دەڵێن نزیکی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر نەیزەکێکی گەورە خۆی کێشاوە بە زەویدا و بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆرەکان پاش نزیکەی 180 ملیۆن ساڵی ژیانیان لەسەر ئەم هەسارەیەی ئێمە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، نەیزەکەکە لەو ناوچەیە کەوتۆتەخوارەوە کە ئێستا بە مەکسیکۆ ناسراوە و بووەتە هۆی ڕودانی بومەلەرزەی بەهێز و ئاگر و زریان. لە هەمان کاتدا، دوکەڵ و پاشماوەی نەیزەکەکە لە ئاسمان بونەتە بەربەست بۆ گەیشتنی تیشکی خۆر بەزەوی و نزمبونەوەی زۆر و لەناکاوی پلەی گەرما.
بەگوێرەی تاقیگەی فیزیایی زانکۆی جۆن هۆپکینز کە سەرپەرشتی هەوڵەکەی ناسا دەکات، تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە توانای وێرانکردنی نەیزەکەکانی دیدیمۆوزی نییە بەڵام هەوڵێکی گرنگە بۆ زانینی کاریگەری توانای زانستی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تەنە ئاسمانیەکان.
تاقیگەکەی جۆن هۆپکینز دەڵێت، "تا ئێستا هیچ نەیزەکێک دیارینەکراوە کەتیرەکەی گەورەتربێت لە 140 مەتر و لە سەد ساڵی داهاتوودا ئەگەری بەهێزی هەبێت کە خۆی بکێشێت بە زەویدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تا مانگی 10ی ئەمساڵ تەنیا 40٪ ی نەیزەکەکان لە دەوری زەوی دیاری کراون."
سەرچاوە:
سود لە NPR و تاقیگەی فیزیایی زانکۆی جۆن هۆپکینز وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە.