Accessibility links

باوکی خێزانێکی کۆچبەری چارەنوس نادیار بەدوای چارەنووسی خێزانەکەوەیەتی


ماوەی 10 ڕۆژە چارەنوسی خێزانێکی کۆچبەری دانیشتووی قەزای دەربەندیخان نادیارە و دواپەیوەندیان لەگەڵ کەس و کارەکەیان لەڕۆژی 23 ی مانگی ڕابردوو بووە، کاتێک لەنێو ئاودا بوون و ویستوویانە لە فەرەنساوە بە چوپ بەرەو بەریتانیا بپەڕنەوە.

خێزانە کۆچبەرە چارەنوس نادیارەکە، ژمارەیان 4 کەسە و لە ژنێک و دووکچ و کورێک پێکهاتوون، بەڵام باوکیان هێشتا لەقەزای دەربەندیخانە و لەدوورەوە و بەدەم گریانەوە، چاوەڕێی بیستنی هەواڵی هاوسەر و منداڵەکانیەتی.

ڕزگار دەربەندی هاوسەر و باوکی خێزانە کۆچبەرە چارەنوس نادیارەکە، بەگریانەوە بەدەنگی ئەمەریکای وت"لەکاتژمێر 10 ی شەوی 23 ی مانگی ڕابردوو، کچەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم، وتی باوەگیان، پێنج خولەکە لەنێو ئاوداین و بەسەر چوپەوەین، بەرەو بەریتانیا دەڕۆین، دوعای خێرمان بۆ بکە، وتم باوەگیان، خوا پشت و پەناتان بێت، لەوکاتەوە پەیوەندیمان بچڕاوە و چارەنوسیان نادیارە."

باوکی خێزانە چارەنوس نادیارەکە کە هەمیشە تەلەفۆنەکەی بەگوێیەوەیەتی و چاوەڕێی هەواڵی خێزانەکەیەتی، وتی"بەرچاومان ڕوون نیە، نازانین ماون یان مردوون."

دەربارەی هۆکاری کۆچی هاوسەر و منداڵەکانی و بەجێهێشتنی کوردستان بەرەو ئەوروپا، ڕزگار دەربەندی وتی"منداڵەکانم داوای هەرچیان کردبا، بۆم دەکردن، دەمویست دڵیان خۆش بێت، حەزیان دەکرد ژیانێکی شایستە هەڵبژێرن، ئەگینا ناچارنەبوون، سەیارە و پارە و ماڵمان هەبوو."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕزگار دەربەندی بەدەم گریانەوە وتی"کچەکەم شەشی زانستی بوو، دەیوت حەزەکەم بچمە ئەوروپا و لەوێ ببمە دکتۆر، کوڕەکەشم هەر ئەو خواستەی هەبوو، وتم باوەگیان خوا بەدڵتان بکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00


XS
SM
MD
LG