Accessibility links

فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌: 200 چه‌كداری جوندوڵا به‌یعه‌تیان به ‌داعش داوه‌ و هێنراونه‌ته‌ عێراق


فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گروپێك چه‌كداری توندڕه‌و كه‌ تازه‌ به‌یعه‌تیان به ‌داعش داوه‌، له‌ سوریاوه‌ هێنراونه‌ته‌ عێراق و به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شكراون، جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ داعش گه‌شه‌ی كردووه‌ و له‌مه‌ودوا هێرشی زیاتر ئه‌نجام ده‌دات.

له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، لیوا محه‌مه‌د ڕۆسته‌م جێگری فه‌رمانده‌ی میحوه‌رى قه‌ره‌ته‌په‌/ حه‌مرین ی پێشمه‌رگه‌، ده‌ڵێت"داعش له‌ عێراق گه‌شه‌ی كردووه‌، بۆیه‌ قۆناغی دانانی بۆمب و شوان كوشتن و خه‌ڵك ڕفاندنیان تێپه‌ڕاندووه‌، له‌مه‌ودوا چالاكی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، تا بوونیان بسه‌لمێنن."

فه‌رمانده‌ باڵاكه‌ی پێشمه‌رگه‌ زانیاریه‌كی هه‌واڵگیری بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا ئاشكراكرد، كه‌ زانیاریه‌كه‌ دراوه‌ته‌ هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیش، وتی"گروپێك چه‌كداری دووسه‌د كه‌سی ، كه‌ پێیانده‌وترێت (جوندوڵا) و پێشتر جیابوون له‌ داعش، به‌ڵام تازه‌ به‌یعه‌تیان به‌داعش داوه‌ و له‌سوریاوه‌ هێنراون بۆ عێراق، به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شكراون بۆ ئه‌نجامدانی هێرش."

به‌پێی وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌، كه‌سێكی نزیكی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لیفه‌ی پێشووی داعش هێنراوه‌ته‌ سنوره‌كه‌، زانیاریه‌كان جیاوازن له‌باره‌ی ناسنامه‌یه‌وه‌، هه‌ندێك به‌برای و هه‌ندێك به‌كوڕه‌مامی ناوی ده‌به‌ن، وتی"كه‌سه‌ نزیكه‌كه‌ی به‌غدادی گۆڕانكاری زۆری كردووه‌ له‌ كه‌تیبه‌كانی داعشدا، هۆشداریشی پێداون گه‌ر چالاكی ئه‌نجام نه‌ده‌ن، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات."

شه‌وی ڕابردوو، له‌سنوری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی پارێزگای دیاله‌، داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقیه‌كان، ته‌كنیكی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ بۆ فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كان جێى سه‌رسوڕمانبووه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ لیوا محه‌مه‌د ڕۆسته‌م وتی"هێزه‌ عێراقیه‌كان كامیرای حه‌راریان هه‌یه‌، تا جم و جۆڵى شه‌وانی داعش ببینن، هه‌ر كامیرایه‌ك به‌ درع ڕوپۆشكراوه‌ و له‌كاتی به‌كارهێنانیاندا، ده‌رگای درعه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، تا به‌كامیراكان ناوچه‌كه‌ ببینن، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی درعی كامیراكاندا، به‌چه‌كی قه‌ناس كامیراكه‌یان شكاندووه‌، تا چالاكی بكه‌ن و نه‌بینرێن، پێكانی كامیراكان به‌و ده‌قیقیه‌ جێی سه‌رسوڕمانه."‌

له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا، داعش له‌چه‌ندین قۆڵه‌وه‌ هێرشیانكردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌كان، به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ژماره‌یه‌كیشیان برینداربوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:25 0:00


XS
SM
MD
LG