هێرشی چەکدارەکانی داعش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە چەند میحوەرێک زیانی گیانیان بەهێزەکانی پێشمەرگە گەیاندووە.بەپێی لێدوانی لیوا بەختیار موحەمەد سدیق گەورە ڕاوێژکار لە وەزارەتی پێشمەرگە 21 پێشمەرگەو هاووڵاتیانی سیڤیڵ کوژراون.
لیوا بەختیار سەرهەڵدانی ئەم هێرشانە بۆ زۆر هۆکار دەگەڕینێتەوە، لەوانە داعش بە بەرنامە هەوڵی داوە بە فشاربکات تا گوندە کوردنیشینەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان چۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی چاوی کەسیان لەسەر نەبێت و ئەو ناوچانە بکەنە مۆڵگەی خۆیان و لەوێشەوە تەگبیر بۆ هێرشەکانیان دابنێن. لیوا بەختیار گوتیشی "داعش تاڕادەیەکی زۆر لەوەدا سەرکەوتوو بووە، دەبێت رێگە لە چۆڵکردنی ئەو گوندە کوردنشینانە بگیرێت و کۆمەک بکرێن بۆ مانەوەیان، چونکە چاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانن، هۆکاری تر نەمانی پەیوەندی تۆکمە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو حکومەتی عێڕاقی لەو بارەیەشەوە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان فشار بکەن ئەو پەیوەندییە سەربازیان دیسانەوە بتەو بکرێتەوە".
زیانە گیانییەکانی هێزی پێشمەرگە زۆرترینیان بەهۆی کەوتنە ناو بۆسەی داعشەوە بووە کە لە هەردوو روداوەکەی گەرمیان و مەخمور لە کاتی بەهانا چون، مین بە ئوتومبیلەکانیاندا تەقیوەتەوە. ئایا ئەو هەموو مەشق و راهێنانەی بە پێشمەرگە کراوە سودی چی بووە؟ لەو بارەیەوە لیوا بەختیار دەڵێت "خاوبونەوەیەک لەو سەنگەرانە روویداوە بە تایبەتی لە 2017 کە داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتایی پێهاتووە، هەروەها ماوەیەکی زۆرە کردەوەی سەربازی داعش رووی لەو ناوچانەی ئێمە نەبووە. پێشمەرگە هێشتا لە خەونی ئەو سەرکەوتنانەدایە کە دەبێت چاو کراوە تر بین، هەروەها مەشقی زیاتر بە پێشمەرگە بکرێت، دیارە پێویستیان بە مەشقی زیاترە، لەبەر ئەوەی بەهەمان کردەوەی سەربازی دوو جار زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، نەبوونی پێداویستیش گرفتێکی ترە تاوەکو ئێستا ئێمە ئەو ئامێرانەمان نییە کە کەشفی مین دەکات، لە ئاسمانیشەوە شتێکمان نییە چاودێری ناوچەکەی پێ بکەین، هەروەها ئەو دوربینانەی کە بەشەو شت دەبینی، هێزی پێشمەرگە ژمارەیەکی کەمی لە بازاڕدا کڕیوە، ئەو ناوچانە زۆر فراوان و چۆڵە پێویستە سەنگەرەکان ئەوەندە تۆکمە بن پێویستیان بە بەوە نەبێت هێزی تر بێت بۆ کۆمەک کردنیان، هەروەها نابێت پێشمەرگە وەک و ئێستای لەبەرگری کردندا بمێنێتەوە، لەسەنگەردا وەساتاوە تاوەکو هێرش بکرێتە سەری، پێویستە دەست بکرێتەوە بە هەواڵگیەی لەسەر ناوچەکەو هاوکاری هاوپەیمنان و کردنی کردەوەی تایبەت و بەردەوامی مەفرەزەی گەریلایی لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە لایەن هێزی دژە تیرۆرەوەو بە هاوکاری فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی وهێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا".