Accessibility links

فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پشتیوانی دوو: ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵکانه‌مان کۆنترۆڵکرد، داعشه‌کان هه‌ڵاتوون، 10 چه‌کداریان ماوه‌، به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێین


فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پشتیوانی دووی پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ی غه‌ڕه‌ و په‌ڵکانه‌ی نزیک خورماتوو، ژماره‌یه‌کی زۆر حه‌شارگه‌ی داعشیان دۆزیووه‌ته‌وه‌، که‌ خۆراک و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی زۆری تێدابووه‌، جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌شده‌کاته‌وه‌ زۆربه‌ی چه‌کداره‌کان به‌ره‌و ڕۆژاوای قه‌زای خورماتوو ڕۆیشتوون، به‌ڵام نزیکه‌ی 10 که‌سیان ماونه‌ته‌وه‌، تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.‌

له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، لیوا ڕوکن مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پشتیوانی دووی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت"داعش له‌ سوریاوه‌ هێزی بۆ هاتووه‌، له‌ناو عێراقیش خۆی ڕێکخستووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستی به‌جوڵه‌یه‌کی زۆر کردووه‌ و له‌هه‌موو میحوه‌ره‌کانه‌وه‌ په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یداوه."‌

فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پشتیوانی دووی پێشمه‌رگه‌، پێیوایه‌ په‌یامی پشت هێرشه‌کانی داعش په‌یامی مانه‌وه‌ و خۆ سه‌لماندنه‌، وتی"داعش ده‌یه‌وێت بڵێت ماوین و به‌هێزین، به‌تایبه‌ت له‌مکاته‌دا که‌ حکومه‌تی عێراق پێکنه‌هێنراوه‌ و که‌مێک ناسه‌قامگیری سیاسی هه‌یه."

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵکانه‌ی نێوان قه‌زاکانی کفری و خورماتوو که‌ به‌یه‌کێک له‌ مۆڵگه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی داعش له‌ عێراق داده‌نرێت، لیوا ڕوکن مه‌ریوان وتی"هێزمان بردووه‌ته‌ هه‌موو ناوچه‌کانی غه‌ڕه‌و په‌ڵکانه‌ که‌ باره‌گای سه‌ره‌کی داعشن، ناوچه‌که‌مان له‌داعش پاککردووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا هیچ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ک ڕووینه‌داوه‌، به‌ڵام ده‌ستمانگرتووه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین حه‌شارگه‌ی گه‌وره‌یاندا، له‌ حه‌شارگه‌یه‌کدا 125 گوله‌ هاوه‌نمان دۆزیووه‌ته‌وه‌، ده‌ستمانگرتووه‌ به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژکراودا، له‌ حه‌شارگه‌ی تردا چه‌ندین تۆن برنج و خواردن ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه."‌

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسی ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش له‌ غه‌ڕه‌و په‌ڵکانه‌ بوون، لیوا ڕوکن مه‌ریوان وتی"هێزه‌کانی داعش به‌ره‌و ناوچه‌ی زه‌رگه‌ی ڕۆژاوای خورماتوو ڕۆیشتوون، چونکه‌ به‌ پارتیزانی هاتووچۆ ده‌که‌ن، ڕه‌نگه‌ 10 چه‌کداریان له‌ناوچه‌که‌دا مابێته‌وه‌، به‌ڵام ناوچه‌که‌ 60 کم فراوانه‌ و تائێستا نه‌ماندۆزیوونه‌ته‌وه."‌

ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵکانه‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان پارێزگاکانی که‌رکوک و سه‌ڵاحه‌دین و ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه‌، یه‌کێکه‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌دوای 16 ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵى 2017 ه‌وه‌ بووه‌ته‌ مۆڵگه‌ی سه‌ره‌کی داعش و هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌و ناوچه‌وه‌، داعش هێرشیکرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌کفری.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00


XS
SM
MD
LG