Accessibility links

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌: هه‌ندێكجار ژماره‌ی چه‌كداره‌ كورده‌كانی داعش له‌ عه‌ره‌به‌كان زیاترن له‌ ناوچه‌كه‌دا


به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌ی نزیك قه‌زای خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش له‌ ناوچه‌ی غه‌ڕه‌ و په‌ڵكانه‌ی نێوان پارێزگاكانی دیاله‌ و كه‌ركوكن كوردیان تێدایه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ هه‌ندێكجار ژماره‌ی چه‌كداره‌ كورده‌كانی داعش له‌ناوچه‌كه‌ له‌عه‌ره‌به‌كان زیاترن.

له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، وه‌هاب ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌، كه‌ ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی داعش ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌كه‌یه‌وه‌، ده‌ڵێت"هاوپه‌یمانان چاودێری بنكه‌كانی داعش ده‌كه‌ن له‌ غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه‌ و ناوبه‌ناو لێیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی و هاوسنوری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، داعش له‌ناوچه‌كه‌ بنه‌بڕ نابێت."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌"غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه‌ سێگۆشه‌یه‌كه‌، ده‌كه‌وێته‌ نێوان پارێزگاكانی دیاله‌، كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین، پێگه‌ی سه‌ره‌كی داعش و شوێنی جوڵاندنی هێزیانه‌."

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌ پێیوایه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ نابنه‌ هۆی بنه‌بڕكردنی داعش، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنه‌كان گرنگن بۆ تێكدانی بنكه‌وباره‌گاكانیان، وتی"داعش له‌غه‌ڕه‌و په‌ڵكانه‌ ڕاو ده‌نرێت، بێگومان شوێنی تری هه‌یه‌ بۆی بچێت، بۆیه‌ ئه‌ركی ده‌زگا هه‌واڵگیریه‌كانه‌ شوێنی هاتووچۆیان ببرێت."

به‌پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌، ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه‌ شوێنی پلان داڕشتن و هێز ناردنی داعشه‌ بۆ پارێزگاكانی دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك.

له‌كۆتایی گفتووگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، وه‌هاب ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زنانه‌ ئاشكرایكرد، چه‌كداره‌كانی داعش له‌ناوچه‌كه‌ تێكه‌ڵه‌ن له‌كورد و عه‌ره‌ب، وتی"جاری وا هه‌یه‌ ژماره‌ی چه‌كداره‌ كورده‌كان زۆر ده‌بن، جاری واش هه‌یه‌ عه‌ره‌به‌كان زیاترن، كورده‌كان مه‌فره‌زه‌ مه‌فره‌زه‌ن."

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، ته‌واوی ئه‌و چه‌كداره‌ كوردانه‌ی له‌ ڕیزه‌كانی داعشدان، ناویان لای ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌شێكیان خه‌ڵكی ناوچه‌ی گه‌رمیان و قه‌زای خورماتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:58 0:00



XS
SM
MD
LG