Accessibility links

جێگری پارێزگاری هەولێر: هۆكاری لافاوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نزیكەی 80 ملیمەتر باران لە کاتژمێرێکدا باریووە


ئەحمەد زێباری
ئەحمەد زێباری

ئەو لافاوەی كە ڕۆژی هەینی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر دروست بوو بەپێی ئامارەكان 12 كەسی كردۆتە قوربانی و دووی كەسی تریش بێ سەرو شوێنن، چەند كەسێكیش بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆریشی لێكەوتەوە.

ئەم ڕووداوە نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو خەڵكەی كە بەهۆی لافاوەكەوە زیانیان پێگەیشتووە داوای هاوكاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ئەندازیار مەسعود كاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت" هۆكاری لافاوەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بارانێكی یەكجار زۆر باری نزیكەی 80 ملیمەتر لە کاتژمێرێکدا باریوە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بووە، ئەو كەندە سروشتیانە وەكو جاران نەماون پڕكراونەتەوە و ئاویش كە بەربەستی بۆ دروست بوو شوێنی خۆی دەكاتەوە، ئاوەكە پەنگی خواردۆتەوە و پاشان بە تەوژمێكی گەورە دەرچووە، بە داخەوە ئەو كارەساتەی دروستكرد كە لەو شوێنانە هەبوو".

كاڕەش دەشڵێت" تیمەكانمان لەو شوێنانە بڵاوبوونەتەوە كە زیانیان پێگەیشتووە خەریكی پاککردنەوە یاخود گەڕانەوەی ئاستی ژیانن بۆ ئەو شوێنانە و ئیشێكی باش دەكرێت و پێشبینیش دەكرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەو شوێنانە بە تەواوەتی پاك بكرێنەوە، ئەو خەڵكانەی كە ئاوارەبوون بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان".

لەمیانەی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا مەسعود كاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند " سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای هەولێری كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردوە كە چۆن ئەمە دووبارە نەبێتەوە، پلانمان هەیە كەندێكی سروشتی تر دروست بكرێت كە دەكەوێتە دەرەوەی پشتێنەی سەوزی هەولێر، ئەو كەندە سروشتیانەی ئێستاش هەمووی پاک دەكرێنەوە بۆ ئەوەی گەر جارێكی تر باران باری ئەو كاریگەریانەی نەبێت كە هەیبوو، هەروەها لەو كێشە و گرفتانە دوور بکەوینەوە کە ڕوویدا".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:53 0:00


XS
SM
MD
LG