خەڵک لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا هەروادێ و نزیک دەبنەوە لە کۆتایی ساڵی 2021 و پێشوازیکردنی ساڵی 2022.
هەرێمی کوردستانی عێراق ئەم ساڵەی چۆن بەڕێکرد؟ ئایا ئەو ئامانجانەی لە ساڵی 2021دا هەیبوون توانیویەتی بەدییان بهێنێت، ئەگەر وەڵامەکە نەرێنییە، پێویستە بپرسین بۆچی؟
ساڵی 2021 ساڵێکی پڕ لە ڕووداو و کارەساتی سروشتی بوو؛ خاڵێکی هاوبەشی ئەم ساڵە لەگەڵ ئەوی پێش خۆیدا "موچە هات و موچە نەهات" بوو.
مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا پێناچێت هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتبێت، شەڕەکانی دژی داعش درێژەیان هەیە و باس و خواسێکی زۆر هەن لەسەر سیناریۆکانی ئەم شەڕانە.
قەیرانی دارایی تا ئێستاش نەک هەر کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو ئەگەرەکانیش زۆرن کە بە هەمان ئەندازە ئەگەر زیاتریش نەبن، بگوێزرێنەوە بۆ ساڵی 2022.
میوانی بەرنامە:
ئارام سەعید، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
وێڕای ئەم کێشانە کە بەرۆکی هەرێمی کوردوستانی عێراقیان گرتووە، قەیرانە سیاسییەکانیش لەولاوە بووەستێن و هێندەش زۆر و ئەوەندەش قوڵن کە هەرگیز ناکرێت بگوترێت لە مەودایەکی کورتدا چارەسەر دەکرێن.
هەر ئەم قەیرانانەش بوونەتە مایەی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆسێی بێ متمانەیی نێوان خەڵک و دەسەڵات لەو هەرێمەدا.
هەڵبژاردنی پێشوەختیش یەکێک بوو لە ڕووداوەکانی ساڵی 2021 ، ئەم هەڵبژاردنەش نەک هەر لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش بووە مایەی دابەشبوونی زیاتر و لەیەک دورکەوتنەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەکان.
لەو هەڵبژاردنەی مانگی 10دا خەڵک لە ڕێی بەشدارینەکردنێکی بەرچاوەوە پەیامی خۆیان گەیاندە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەروەهاش دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
دەشێت ئەم جۆرە قەیران و کێشە و ئاڵۆزیانە لە زۆر شوێنی تری ناوچەکەدا هەبن، بەڵام ئایا هیچ بەرنامە ڕێژییەک هەیە بۆ دەربازبوون لێیان و ئایا ساڵی 2022 دەبێتە ئەو تونێلەی تروسکاییەک لەوسەریەوە ببینرێت؟
ئارام سەعید، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، وەڵام پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.