Accessibility links

یونس محەمەد: پێشانگاکەم لە جیهاندا 15 خەڵاتی وەرگرتوو و لە کوردستانیش دەنگدانەوەی نەبوو


Yunia Muhamad
Yunia Muhamad

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ڕێگەی وێنەکانی کە باس لە قوربانیانی پێشمەرگە دەکەن لە شەڕی دژ بە داعشدا چەند خەڵاتێکی جیهان پێبەخشراوە، بەڵام لە کوردستان گرنگی ئەوتۆی پێنەدراوە.

یونس محەمەد پێشانگا فۆتۆگرافیەکەی بەناوی "قوربانییەکانی شەڕ" کە 26 وڵات گەڕاوە زیاتر لە 15 وڵات خەڵاتی بەدەست هێناوە، کۆی وێنەکان کە 20 وێنەیە لە شێوەی فۆتۆ ئارت، باس لە قوربانییەکانی پێشمەرگە دەکات لە شەڕی دژ بە داعش، فۆتۆکان لە باگراوندێکی ڕەشدا خۆیان دەبیننەوە و قوربانییەکان لەو پێشمەرگانەن کە بەشێکی جەستەیان لەو شەڕەدا لەدەست داوە.

لەو بارەیەوە یونس دەڵێت "هەڵبژاردنی باگراوندی ڕەش ئاوێنەیەکە بۆ ژیانی ئەو کەسانە، کە لە دوای ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا هاتووە، ژیانیان پڕە لە ئازار و گیروگرفت، هەوڵیشم داوە سەرەڕای زامەکانیان، جوان دەربکەون، لە لایەکەوە ئازارە و لە لایەکی ترەوە تۆ لەگەڵ بەرهەمێکی هونەری مامەڵە دەکەیت".

مامۆستا فایەق کە فۆتۆجۆرنالستێکی دێرینی شاری سلێمانییە و بەوەش ناسراوە کە لە فۆتۆجۆرنالیستە لاوەکانەوە نزیکە، سەرەڕای پیرۆزبایی کردن، باسی لە گرنگی فۆتۆ جۆرنالست کرد کە دەکرێ ڕاستی هەموو ڕووداوێک وەک خۆی بگێڕنەوە، پێشی وایە ئەم پێشانگایە نوێنەری نیشتمانێکی بێ ئاڵا بووە لە دەرەوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان، دەشڵێت "داوا دەکەم لە یونس خولێکی ڕاهێنان بۆ ئەو فۆتۆجۆرنالیستە گەنجانە بکاتەوە کە چۆن پەیوەندی بگرن بە ڤیستڤاڵەکانی فۆتۆگرافی لە جیهاندا و وێنەکانیان لە کێبرکێ کاندا بەشداری پێ بکەن".

یونس باس لەوەش دەکات کە سەرەتا پرۆژەی کتێبێکی هەبووە و وەهاش کاری بۆ کردووە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، پلانەکەی گۆڕیوە بۆ ئەو پێشانگایە و بەشداری پێ کردنی لە جیهاندا "بابەتەکە کاریگەری خۆی هەبووە، هەربۆیەش لە زۆر شوێن بەشدار بووە و خەڵاتیشی بەدەست هێناوە، دوا خەڵاتیان کە لە هەموویان گرنگ ترە، خەڵاتی سێهەمی وێنەی ساڵی یونسێف بووە، هەروەها لە ژاپۆنیش خەڵاتی برۆنزی بەدەست هێناوە."

لە ڕابردوو هەرچی مێژووی کورد هەیە لە بۆنەکان و ئەو کارەساتانەش کە بەسەریدا هاتوون، فۆتۆجۆرنالیستی بیانی تۆماری کردون و کامێرای کوردی شوێنی خاڵی بووە.

ئەوەش وەک مامۆستا فایەق ئاماژەی بۆ دەکات، بەند بووە بە ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتییەوە، دەشڵێت "قەرزاری ئەو فۆتۆجۆرنالیستانەین کە ڕاستی ڕوووداوەکانی ئێمەیان تۆمار کردووە".

مامۆستا سەبارەت بە ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت "جاران بیانییەکان ئەو کارەیان کردووە، ئێستا کامێرای کوردی ئەو کارە دەکەن، بە سەدان فۆتۆجۆرنالیستی گەنج هەن و ڕاستیەکان تۆمار دەکەن، لەوانەی هەڵەبجەیان دۆکیمێنت کرد، لە 24 فۆتۆجۆرنالست، تەنها دوانیان کورد بووە".

یونس لە بەرنامەکەی هەلەو واشنتندا باس لەوە دەکات کە لە هەر کوێیەکی دنیا فۆتۆ جۆرنالیستێک ئازاری میلەتەکەی بگەیەنێتە دنیای دەرەوە و چەند خەڵاتێک بەدەست بهێنێت، بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی باس کردن و ساز کردنی چەندین بەرنامەو مایەی گرنگی پێدان. کەچی میدیاکان لە هەرێمی کوردستان هەر باسی ئەو چالاکییەیان نەکردووە، لەو بارەیەوە یونس دەشڵێت "بەرپرسێکی سیاسی پرسیاری لێ کردم وتی خەریکی چیت، وتم لە بولغاریا بووم هەروەها پاریس، بەشداربووم لە چەند ڤیستیڤاڵێک، وتی جا ڤیستیڤاڵ چییە؟ منیش هیچم لەگەڵ نەوت".

سەبارەت بەو بێ ئاگاییەی میدیا، مامۆستا فایەق دەڵێت "میدیا زۆر بێ باک بووە، دابەش بووە بەسەر ناوچەکاندا، تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان یەک وشەی لەسەر فۆتۆجۆرنالستەکان نەوتووە، یاسایەکیان بۆیان نییە، ببینە زۆربەی بە کەرەستەی خۆی مێژوو تۆمار دەکات، لەبەرەکانی شەڕ ئەگەر بکوژرین یان نوقسان بن، هیچ شتێک نییە ژیانیان مسۆگەر بکات و دوای خۆیان خێزانەکانیان سەرگەردان نەبن".

لە دنیادا ئەوە ساخ بووەتەوە کە کەس نییە هێندەی فۆتۆجۆرنالیست بتوانێت ڕاستییەکان وەک خۆی بگەیەنن، مامۆستا فایەق لەو بارەیەوە دەڵێت "یاریزانێکی نوێ لە ژیانی ێیمەدا ئامادەیە کە وەک چۆن نوسەرو شاعیرەکان نوسینەکانیان دەکەنە کتێب، نۆرەی گێرانەوەی ڕاستییەکانە بە فۆتۆ کە لە کتێبخانەی کوردیدا بوونی نییە، تەنها یەک هەوڵی بێساران تۆفیق هەیە کە کوراسەیەکی دروست کردووە، بەهیوام بازرگان و دەوڵەمەندان وەک چۆن سپۆنسەری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی خواردن و شتی تر دەکەن، سپۆنسەری کارێکی وەک ئەوەی یونس بکەن کە مێژووی گەلێک دەگێڕێتەوە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:32 0:00

XS
SM
MD
LG