وا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021داین، کۆتایی ساڵ هەر تەنها لە ماڵاوییکردندا سنوردار نابێت و کردنەوەی دەروازەکانیش بەسەر ساڵی نوێدا بەشێکی گرنگییەتی بۆ هەموومان، بەڵام ئەوەی چ شتێکی 2021 لەگەڵ خۆمان دەبەینە ساڵی نوێوە و چ شتێکیش جێدەهێڵین، ئەوەیان پرسیارێکی کراوەیە و هێندەی ژمارەی مرۆڤەکان لەم جیهانەدا وەڵامیان هەیە.
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی بەردەوام پێویستە قسەی لەسەر بکەین و دیالۆگی بابەتیانەی لەسەر هەڵچنین؛ پرسی "پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا"یە و وتووێژکردنە لەسەر ئەو پرسیارە گرنگانەی نەخشی ژنمان لە کۆمەڵگەدا بۆ دەستنیشان دەکات.
گرنگە لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا باس و خواسی گەرموگوڕ هەبن لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تایبەت بە ژن، بۆ نمونە لەکاتی هەر پەرەسەندنێکی ئەرێنیانەی ئەم دۆسێ گرنگ و هەستیارەی کۆمەڵگەماندا پێویستە بزانرێت چۆن ژن توانیویەتی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکاندا خۆی بگونجێنێت، چۆن توانیویەتی بەرگەی ژیان بگرێت پاش بەرەنگاربوونەوەی فەرهەنگ و باری باوی داسەپاو، لەو پێناوەشدا چ باجێکی داوە و چییشی دەستەبەر کردووە.
لە هەمان کاتیشدا یەکێک لەو پرسیارانەی بەردەوام پێویستە لە ژن بکرێت ئەوەیە؛ ئایا ژنان خۆیشیان چەندێک سوددیان لە دەرفەتەکان بینیووە و کەڵکی پێویستیان لێوەرگرتووە؟!
لە نێو دنیای نوسین و هزردا، ژنانێکمان هەن بە زیرەکی و وریایی و تێگەیشتویی خۆیانەوە توانیویانە هەنگاوی گەورە هەڵێنن، توانیویانە بوونی خۆیان بسەلمێنن، توانیویانە ئازایانە و بوێرانە وتاری ژن و بیرکردنەوەی ژن و ڕەوایی ژن لە ڕێی نوسینەکانیانەوە بخەنە بەردەم کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریەوە و بەرپرسیاریشی بکەن.
ڤینۆس فایەق، یەکێکە لەو نوسەرانەی، نوسینەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ داکۆکیکردن لە مافەکان و ئەگەر بە وردیش لە شیعر و ڕۆمانەکانی ڤینۆس بڕوانین، ئەوا دەستبەجێش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ناخوازێت جیاوازی و پۆلێن کردن دروست بکات، هێندەی ئەوەی دەخوازێت مافەکان وەک یەک بن لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا و ئەو کۆمەڵگەیانەش بەرەو کرانەوەیەکی بابەتیانە بڕوات و یەکسانیی تیادا فەراهەم بکرێت.
ڤینۆس فایەق، شاعیر و ڕۆماننوس، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.