بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی وڵاتەکە، دەروازەی کردەوە بە ڕووی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا.
موقتەدا ئەلسەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە و لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێرانن گورزێکی گەورەیان بەرکەوتووە لەو هەڵبژاردنەدا.
هەر دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی 10ی عێراق، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن لەناو خۆیاندا بەرەیەکی سیاسییان پێکهێناوە بە ناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" وەک هەوڵێک بۆ قەرەبوکردنەوەی خۆیان لەو شکستەی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستیان هێنا و لەو زەبرەش کە بەریانکەوت.
موقتەدا ئەلسەدر، ڕۆژی چوارشەممە زۆرێک لە سەرکردەکانی لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" ی بانگێشت کردبوو بۆ ماڵەکەی خۆی لە حەنانە. بەڵام وەک زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاماژەیان پێکردبوو؛ نوری ئەلمالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و سەرەک وەزیری پێشووتری عێراق بانگهێشت نەکراوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی حەنانە. ئەمەش وەک هەوڵێکی سەدر لێکدراوەتەوە بۆ دورخستنەوە یان دەرکردنی مالیکی لە دۆسێی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، زانکۆی سلێمانی
هەندێک لە شیکەرەوە و چاودێری سیاسیش لەوبڕوایەدان، تەنانەت ئەگەر هەموو لایەنەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و کوردیشەوە بەشداربن لە پڕۆژەیەکی سیاسیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و نوری ئەلمالیکی تیادا نەبێت ئەوا ناکرێت وەک ئەو حکومەتە زۆرینە نیشتمانییە لێی بڕوانرێت کە موقتەدا ئەلسەدر داوای دەکات، بەڵکو وەک دەڵێن دەبێتە دووبارەبوونەوەی ئەزمونەکانی پێشتر لە شێوازی پێکهێنانی حکومەتدا.
ئێستا ئەوەی نکوڵی لێناکرێت، دەستپێکردنی قۆناغێکی قورسی سیاسییە لە عێراقدا، قۆناغی خۆدورخستنەوە لە بەش بەشێنەی سیاسی کە گومان زۆرە بتوانرێت هەنگاوی گەورە لەو بوارەدا بنرێت بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی و ناوخۆیی و بەهۆی بوونی هێزی میلیشیایی و پشتیوانکردن و نەکردنی سەرەک وەزیری نوێی عێراقەوە.
ئایا بڕیاری دادگای باڵای عێراق لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دەکرێت وەک بەشێک لە چارەسەری گرفتەکان لێی بڕوانرێت بۆ گرفتە قوڵەکانی عێراق؟
ئایا حکومەتی نوێی عێراق دەتوانێت دەستبەرداری سیاسەتی پینەوپەڕۆ کردن بێنێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتەکەی؟
ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەتوانن قەیرانەکانی عێراق چارەسەر بکەن، ئەی کێ دەتوانێت؟
دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تری ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.