لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لەم ساڵدا 85 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، توێژەرانی دەروونی، گەنجان و ڕۆژنامەوانان هۆشداری لە ئاسانی بە دەستگەیشتنی مادە هۆشبەرەکان دەدەن بەهۆی هاوسنوری پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئێران و بێکاری لە هەڵەبجە، بۆیەش کردنەوەی سەنتەری هۆشیاری لەسەر مەترسیەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بە گرنگ و پێویست دەزانن.
محەمەد وەلی چارەسەرکاری دەروونی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خراپی دۆخی ئابوری و باشبوونی دۆخی ئابووری کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان هەیە، بەڵام کەمتەرخەمی خێزان و نەبوونی سەنتەری هۆشیارکردنەوەی گەنجان بۆ پێدانی زانیاریەکان تایبەت بە مادەی هۆشبەر، بێکار و توندوتیژی خێزان بۆ چوونە دەرەوەی منداڵەکانیان ل ەماڵەوە و ئاسانی دەستکەوتنی مادە هۆشبەرەکان هۆکاری سەرەکیە لە زیادبوونی ڕێژەکان ".
عەلی حەمە ساڵح ڕۆژنامەوان لە هەڵەبجە و هەورامان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی بەکارهێنان زۆرکەم بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی سنورێکی گەورە لە نێوان ئێراندا و هەڵەبجە هاوسنوری پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای کرماشان وایکردووە ڕێژەی هێنانە ناوەوەی مادەهۆشبەرەکان زیاد ببێت و گەنجانیش ببنە بەکارهێنەری ".
فرحان عیزەت گەنجێکی هەڵەبجەیە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بێکاری گەنجان و ناهۆشیاری گەنج وایکردووە ڕێژەکە زیادبێت و بکەوننە ژێرکاریگەری ئەو مادە هۆشبەرانەوە".
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور کە وێنەیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێدراوە لە بەرواری 1-1-2021 تا 12-12-2021لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور85 تۆمەتبار بە مادەکانی 30 و 26 یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون،98 دۆسیەی لێکۆڵینەوەش لە دادگا بۆیان کراوەتەوە و سوپاسی هاوڵاتیانی سنورەکەشیان کردووە لە پێدانی زانیاری لەسەر باند و ئەو گروپانەی بازرگانی بە مادە نایاساییەکانەوە دەکەن.