بەهۆی گۆڕانکاریە خێراکانی کەش و هەوا لە عێراق و وڵاتانی دراوسێی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، پرسی ئاو و ئاستەنگەکانی بەردەمی بووەتە بابەتی گەرم و گوڕی کۆنفرانس و ناوەندە زانستیەکان، لە نێوان دەوڵەتەکانیشدا گفتوگۆی جیاجیای لەسەر دەکرێت، پسپۆرانی زانکۆکانی هەرێم دەڵێن پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نداوی زیاتر دروست بکات و لە مەترسیەکانی کەم بوونەوەی ئاو ڕێکاری نوێ و خێرا بگرێتە بەر.
ئاریان حامید سەرۆکی بەشی جوگرافیای زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند " گرفتی ئاو کوالیتی ئاو بووەتە بابەتێکی هەنوکەیی، مەترسی گەورە هەیە لە کەم بوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، پێویستە حکومەتی هەرێم پشت بە ناوەندە زانستیەکانی وەک زانکۆکان ببەستێت بۆ گرتنەبەری ڕێگای نوێ بۆ ئێستا کە سەرەکی ترینیان دروستکردنی بەنداوە و گلدانەوەی ئاوە ".
ئامارەکانی باران بارین لە پارێزگای هەڵەبجە کە ساڵی پار بە وشکە ساڵی ناوبرا بەهۆی کەمی ڕێژەی باران بارینەوە، ئەم ساڵیش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکان بە وتەی ستار مەحمود بەڕێەوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە جیاوازیەکی زۆریان نیە، بەڕێەوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەشی بەوەکرد ئەو ڕێژە بارانەی کە باریوە باشە بەڵام ناتوانێت دۆخی وشکە ساڵی بگۆڕێت، بەهۆی تێکچوونی کەش و هەواشەوە پێشبینیەکان قورس بوون."
لە ئێرانەوە ڕووباری سیروان دەڕژێتە ناو پارێزگای هەڵەبجە لە وێشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق، بەهۆی درووستکردنی بەنداوی داریان لە پارێزگای کرماشان لە وڵاتا ئێران لەسەر ڕووبارەکە ئاستی ئاوی ڕووبارەکە کەمی کردووە، بەهۆی پێویستی عیراقیش بەئاو، ئەو ڕێژە ئاوەی کە دێتە هەرێمی کوردستانەوە لە وەرزی هاویندا بەتایبەتی بڕێکی زۆری لە بەنداوی دەربەندیخان بەردەدرێتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی فراوان لە جوتیارو خاوەن پڕۆژەکانی سەر ڕووبارەکە زیانی زۆریان پێگەشتووە، ئێستاشی لەگەڵ دابێت ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە.