بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا 51 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان لە دەڤەری گەرمیان وەرگرتووە، کە 41 هەزاریان لە جۆری ڤایزەر بووە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە بڕیارەکەی حکومەت بۆ ناچارکردنی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بنکە تەندروستیەکانی قەرەباڵغ کردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سیروان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان دەڵێت"لە مانگی 4 ی ساڵی ڕابردووەوە، 51 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان لەگەرمیان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە 41 هەزاریان لەجۆری ڤایزەر و 7 هەزاریان لە جۆری ئەسترازینکا بووە، لەئێستاشدا کۆگاکانمان ڤاکسینی زۆری لەجۆری ڤایزەر تێدایە و بەردەوامیش پێماندەگات."
جەختیکردەوە"لە سەرەتای ئەمساڵەوە خەڵکێکی زۆر بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ڕوویان لە بنکەکان کردووە، چونکە ڤاکسین وەرگرتن بووەتە مەرج بۆ گەشت کردن، ئەمە جگە لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ ناچارکردنی فەرمانبەران بە وەرگرتنی ڤاکسین."
بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی بە تەمەنن یاخود خوێندەواریان نیە، ناتوانن لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ناو بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار بکەن، دەتوانن سەردانی بنکە تەندروستیەکان بکەن، چونکە خەڵک دانراوە بۆ پێدانی ڤاکسین پێ یان.
دکتۆر سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنای هەرێم دا، بڕیاردراوە سەرجەم فەرمانبەران تا 20 ی مانگ ڤاکسین وەربگرن، ئەمەش وایکردووە سەنتەرەکان قەرەباڵغتر بن، وتی"دەوامی بنکەکان تا 11 ی شەو درێژ دەکەینەوە، تا فەرمانبەران ڤاکسین وەربگرن، تیمی گەڕۆکیش ڕەوانەی شوێنە قەرەباڵغەکان دەکەین بۆ پێدانی ڤاکسین."