Accessibility links

عەلی حەمە ساڵح : تەنها داهاتی خاڵە سنورییەكان نزیكەی 160 ملیار دینارە و دەتوانرێت كێشەی مووچە چارەسەربكرێت


Ali Hama Salih
Ali Hama Salih

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانی عێراق ئاشكرایكرد تا ئێستا یەك دۆلار لە داهاتی ناوخۆی هەولێر و سلێمانی و دهوك بۆ دابینكردنی مووچە نەگەڕاوەتەوە لەكاتێكدا دەبوایە ئۆتۆماتیكی هەموو داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستانی عێراق، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی عێراق ڕایگەیاند" بەپێی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی كە دەبێت ئەمڕۆ بكرێت داهاتی سلێمانی بۆ دابینكردنی مووچە 70 ملیار و 521 ملیۆنە لە كاتێكدا تەنها داهاتی مانگی پێشووی كارەبای سلێمانی 73 ملیار دینار بووە و داهاتی مانگێكی باشماخ و پەروێزخانيش نزیكەی 47 ملیار دینار بووە ئەمە جگە لەوەی بۆ هەولێر و دهۆكیش كە كیتاب كراوە 93 ملیار و 479 ملیار واتا هەموو هەولێر و دهۆك بە 93 ملیار دینار مووچە دابین بكات لەكاتێكدا تەنها داهاتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئومەران ئەوەی كە گەڕاوەتەوە 110 ملیار بووە".

ناوبراو وتيشی" ڕەخنەی ئێمە ئەوەیە لەم وڵاتەدا داهات بە دوو ئیدارەیی دابەشكراوە ئەمە بەڵگەیەكی ڕوونە كە دەیخەمەڕوو بۆ دابینكردنی مووچە دەڵێت تو 70 ملیار بدە و منیش 93 ملیار دەدەم نەك كۆی داهات بگەڕێتەوە ئەمە وایكردووە كە ئێستا 10 ی مانگ بێت نیوە زیاتری دامودەزگاكانی حكومەت مووچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر داهاتی ناوخۆ بەرێكوپێكی و بەسەنتەر كۆبكرێتەوە و كۆتایی بەم دوو ئیدارەییە بهێنرێت دەتوانرێت تا ڕادەیەك كێشەی مووچە بەبێ بەغداش چارەسەربكرێت بەڵام بەداخەوە پشتبەستن بەوەی هەولێر و دهوك چاوەڕێی سلێمانی بكات چەند دەنێرێت منیش ئەوە دەنێرم وادەكات فەرمانبەران ببنە قوربانی.

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی عێراق گووتیشی" بابەتێكی تر كە ئێستا بارگرانی لەسەر خەڵك دروستكردووە و دۆسیەكەم دراوە بە داواكاری گشتی زیادكردنی رسومات و پێدانیەتی بەكەرتی تایبەت گرفتەكە ئەوەیە دەسەڵاتیش دیراسەی ئەمە ناكات زیادكردنی رسومات لەسەر خەڵك نابێتە هۆی زیادبوونی داهات بۆ نموونە پێشتر 10 هەزار بۆ ئاو دەهاتەوە داهاتی ئاو مانگانە نزیكەی 10 ملیار بووە زیادیان كردووە و خەڵكیش نایدات بەمەش داهات زۆر كەم دەكات ".

لەمیانەی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی عێراق گووتیشی" تەنها داهاتی خاڵە سنوریەكان نزیكەی 160 ملیار دینارە جگە لە رسوماتی تر و دەتوانرێت بەپێداچوونەوە بە نەوت بەدڵنیاییەوە كێشەی مووچە چارەسەربكرێت و ڕەخنەی جدی ئێمە ئەوەیە ئەو فورمە لە دابەشكاری كە وەزارەتی دارایی دەبێت كیتاب بكات دەكرێت هەموو مانگێك بڵێت تۆ ئەوەندە بدە و تۆش ئەوەندە؟ یان دەبێت داهات خۆی بەرێكوپێكی و سەنتەر بگەڕێتەوە ئەمە ئەركی ئەوانە و لەسەڕووی هەموویانەوە ئەركی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەمە پێمان دەڵێت شتێك نییە لە هەرێمی كوردستان ناوی وەزارەتی دارایی بێت داهاتی سلێمانی بۆ مووچەی سلێمانی تەواوكاریەكەی واتا جگە لە پارەی بەغدا و ئەو 27 دولارەی نەوت، پڕۆژە و دەرمانی سلێمانی لە پارەی سلێمانی و نەسریەی دژە تیرۆرۆ و هێزی 70 و دەزگای ئەمنی و هەموو دەزگاكانی تر لە داهاتی باج و رسومی سلێمانی و هی هەولێر و دهوكیش بەهەمان شێوە هەمووی لە داهاتی خۆی بێت كەواتە خەڵك ئیشی بە وەزارەتی دارایی چییە؟.

سەبارەت بە وەرگرتنی ڕای حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو قسانەی كە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا خستیەڕوو، دەنگی ئەمەریكا هەوڵیدا دكتۆر جوتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:39 0:00


XS
SM
MD
LG