Accessibility links

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دۆخی عێراقی شڵەقاندووە


هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ڕێککەوتنی نێوان کوتلەی سەدری و عەرەبی سونە و پارتی دیموکراتی کوردستان دۆخی عێراقی شڵەقاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هۆشداری دەدات و ترسی لەوە هەیە ڕێککەوتنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش درێژەی هەبێت.

ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی گێمی یەکەمی ململانێکەیان بردەوە، کە لەلایەن هێزە نزیکەکان لە ئێران تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ڕێککەوتنەکەیانبەڕێنمایی وڵاتانی کەنداو ئەنجامداوە، بەڵام لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە نزیکەکانن لەئێران و خاوەن هێز و پارەن، گەرچی هۆشداری دەدەن، بەڵام هەنگاوەکانی داهاتوویان ڕوون نیە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی عێراق کە دەنگی ئەمەریکا ڕای وەرگرتوون، عەرەبی سونە لە ململانێکەی نێو پەرلەمان سودمەندی یەکەمە و پۆستی سەرۆک پەرلەمانی بۆ یەکلایی بوویەوە، لەکاتێکدا ڕوون نیە ڕێککەوتنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش درێژەی دەبێت، یاخود سەدر و هاوپەیمانەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە ناڕازیەکان.

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنها گرفتی لەنێو شیعەدا دروست نەکرد، بەڵکو ناکۆکی قۆڵی لەنێو یەکێتی و پارتیشدا لێکەوتەوە، بەو پێ یەی بە وەفدێکی هاوبەش ڕۆیشتبوونە بەغدا بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان، بەڵام هاوکات لەگەڵ بوونی وەفدەکەدا لەبەغدا، نێوانیان تێکچوو.

ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەبەوەدەکات، گرفتی ئەوان لەگەڵ پارتی لەسەر سەرۆک کۆمار نەبووە، چونکە ڕێککەوتنی سیاسیان هەبووە و پێکەوە چوونەتە بەغدا، وتی"ئەوە ناخۆشبوو بەلای ئێمەوە، پارتی ڕێککەوتنی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ چەند لایەنێک بەبێ ئاگاداری ئێمە، ئینجا حیزبی سیاسی خۆی کاندیدی خۆی ئیختیار دەکات، نەک لایەنی تر."

گەر ڕێککەوتنەکەی نێوان سەدر و سونە و پارتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش درێژەی هەبێت، ئەوا زۆرێک لە بەرپرسانی عێراق پێشبینی دروستبوونی بارگرژی دەکەن، بەو پێ یەی لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەڕەشە دەکەن، بەوەی بەر بە هەوڵەکان دەگرن گەر بە بەکارهێنانی یاسابێت یان چەک.

لەڕاگەیەنراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جەختیکردووەتەوە، دان بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دا نانێن، ڕوونیشیکردووەتەوە ڕێگەنادەن وڵات بە ئاراستەیەکی نادیار ببرێت، بەرپرسیارێتی هەر پێشهاتێکی نەخوازراویش دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەنانەی لە پشت پەرەپێدانی گرژیەکانەوەن.

ڕێککەوتنی سەدر و پارتی و سونە تەنها لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی توڕە نەکردووە، بەڵکو یەکێتی نیشتیمانیشی نیگەران کردووە، بەو پێ یەی چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە، لەکاتێکدا لەدەرەوەی ڕێککەوتنەکەیە و ترسی لەدەستدانی پۆستەکەی یاخود پێدانی بەمەرج هەیە.

پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر هەبوونی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی پێیانوایە پارتی دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە یەکێتی نیشتیمانی ناچار بکات بە گۆڕینی کاندیدەکەی کە بەرهەم ساڵەحە و کاندیدکردنی کەسێکی تر، کە ڕای ئەوی لەسەر بێت.

هۆشیار زێباری سەرۆکی وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا ڕایگەیاند"پێمانخۆشە لەگەڵ یەکێتی پێکەوەبین، ئێستاش هیچی لێنەچووە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیش هەنگاوێکی گرنگە."

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنها گرفتی نێوخۆیی دروست نەکردووە، بەڵکو کێشمەکێشەکە بۆ تێکەڵبوونی ئەجێندای دەرەکیش دەگێڕدرێتەوە، بەتایبەت لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەدر و هاوپەیمانەکانی بەنزیکایەتی لەکەنداو و ئەوانیش لایەنە شیعەکان بە جێبەجێکاری ئەجێندای ئێران تۆمەتبار دەکەن.

جەمال محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ ڕێککەوتن و لەڕێگەی زۆرینەی سیاسیەوە، ڕووداوێکی نوێ یە لە عێراق دا و نازانرێت دەرئەنجامەکەی چۆن دەبێت، وتی"گەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش لە ڕێگەی زۆرینەوە یەکلایی بکرێتەوە، ئەوا گۆڕانکاری گەورە دروست دەبێت و بەرەی حوکمڕانی بەهێز و ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دروست دەبێت، بەڵام گەر تەوافق دروستبوو، بابەتی پەرلەمان زۆر کاریگەری نابێت."

گەر ڕێککەوتنی نێوان سەدر و عەرەبی سونە و پارتی درێژەی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت، چاوەڕوانی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق دەکرێت، بەڵام گەر لەسەر ئەو پۆستانە تەوافق دروست ببێت، ڕەنگە بارگرژیەکان خاو ببنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:15 0:00


XS
SM
MD
LG