کاتژمێر 3 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، دەرگای خۆپاڵاوتنی کاندیدانی سەرۆک کۆمار دادەخرێت، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی بە دوو کاندیدی جیاوە چوونەتە نێو پرۆسەکە و لەسەر ئەو پۆستە ڕێکنەکەوتوون کە پشکی کوردە، کەسایەتیەکی نزیک لە یەکێتیش بە جیا خۆی کاندیدکردووە.
کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی، دکتۆر بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقە، هۆشیاری زێباریش وەکو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، فۆرمی خۆ کاندیدکردنی پڕکردووەتەوە، گەر ئەم کێشمەکێشە بەردەوام بێت، ئەوا هاوشێوەی خولی ڕابردوو، ئەو دوو حیزبە بە کاندیدی جیاوە، ڕکابەریەکە دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"تا ئێستا دکتۆر بەرهەم ساڵح، هۆشیار زێباری، چەند کەسایەتیەکی کورد و عەرەب داوای خۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشکردووە."
تا ئێستا نزیکەی 24 کەس خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. بەپێی وتەی سەرچاوەکەش، دکتۆر لەتیف ڕەشیدی هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش خۆی کاندید کردووە، کە کەسایەتیەکی نزیکە لە یەکێتی نیشتیمانیەوە.
سەرچاوەکە وتیشی"ناوی کاندیدەکانی سەرۆک کۆمار دەدرێتە دەستەی نەزاهە و دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، تا بزانرێت کێشەیان هەیە یاخود نا."
بڕیارە ڕۆژی 8 ی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کۆببێتەوە، یەکێتی و پارتیش تا ئێستا لە ململانێدان، گەر تا ئەوکاتە نەگەنە ڕێککەوتن و پارتی کاندیدەکەی نەکشێنێتەوە، ئەوا ململانێی نێوانیان قوڵتر دەبێتەوە.
گەرچی پارتی پێداگیربێت لەسەر ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵەح و یەکێتیش سووربێت لەسەر کاندیدکردنی، گرفتی نێوانیان بۆ نێو پەرلەمان دەگوازرێتەوە، بەڵام گەر پێش ڕۆژی 8/2 ڕێکبکەون، ڕەنگە چانس یاوەری لەتیف ڕەشید بێت.
دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوای بە حوکمڕانی پەنجا بە پەنجا نەماوە، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هێزی یەکەمە، وتی"ئەم دۆخە لای یەکێتی هێشتا قەبوڵ نەکراوە، یەکێتی وەکو هاوپەیمانی یەکسان خۆی دەبینێت، گەر پارتی لە مەسەلەی سەرۆک کۆماردا سەرکەوتوو بێت، ئەوا گرژی دروست دەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ گرژی نێوان ئەم دوو هێزەدا ڕاهاتووین."
پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتەکە، دژی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەحە لەلایەن یەکێتیەوە و داوای گۆڕینی دەکات، بەڵام تائێستا یەکێتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح، گەرچی لەپاڵ بەرهەم ساڵەح دا، لەتیف ڕەشیدیش هاتووەتە نێو ڕکابەریەکەوە کە نزیکە لە یەکێتیەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانی عێراقە، بەڵام گەر لە دەنگدانی یەکەمدا هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژە دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەوا لەدەنگدانی دووەمدا، سەرۆک کۆمار بەزۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت.
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئێمە وەکو یەکێتی تەنها یەک کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەیە، ئەویش دکتۆر بەرهەمە."
گەر یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەنە ڕێککەوتن و بەکاندیدی جیاوە بچنە نێو ڕکابەری پۆستی سەرۆک کۆمار، مەترسی لەسەر پۆستەکەی یەکێتی دروست دەبێت، بەو پێ یەی پارتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان هەیە و بوونەتە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی، بەڵام کاندیدەکەی پارتیش بێ گرفت نیە، بەو پێیەی پێشتر وەزیری دارایی بووە و پەرلەمانی عێراق متمانەی لێوەرگرتووەتەوە.
مەشعان جەبوری پەرلەمانتاری عەرەبی سونە بەڕوونی ڕایگەیاند"ئەوان لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون، دەنگ بە هەر کاندیدێک دەدەن پارتی بیەوێت."
هاوکات لەگەڵ ڕێککەوتنەکەی پارتی دا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی بەغدای کرد بۆ ڕازیکردنی لایەنە عێراقیەکان، تا دەنگ بە بەرهەم ساڵەح کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بدەن.
دوای کێشمەکێشی نێوان هێزە کوردیەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، کێشمەکێشە قورسەکە دێتە پێشەوە، کە ململانێی نێوان هێزە شیعەکانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، کە تا ئێستا موقتەدا سەدر سورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش هەڕەشە دەکەن.
بەڕای چاودێران، گەر سەدر بێ هێزە شیعەکان حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی و کێشمەکێش دەڕوات، بەڵام گەر بگەڕێتەوە بۆ تەوافق و ڕێککەوتن، ئەوا دۆخەکە هێور دەبێتەوە.
دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێو دەوڵەتی دەڵێت"گەر عامری بڕواتە لای سەدر و بەرژەوەندی ئێران پارێزراو بێت، ڕەنگە گرژی ڕوونەدات، بەتایبەت سەدر کەسێکی سەقامگیر نیە و زوو پاشگەز دەبێتەوە."
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێککەوتنی نێوان سەدر و پارتی و سونە، ترسێکی گەورەی لای یەکێتی نیشتیمانی و هێزە شیعەکان دروستکردووە، بەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش درێژەی هەبێت.