Accessibility links

داعش هێرشەکانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادکردووە و 3 کارمەندی تەندروستی دەکاتە ئامانج


لە ماوەی دوو ڕۆژدا، چەکدارانی داعش 3 کارمەندی تەندروستیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج. کە دوانیان کوژراون و یەکێکیشیان بە سەختی بریندار بووە.

دوو لەو ڕووداوانە لەناو کامپی هۆلدا ڕوویاندا کە ڕێکخراوە مرۆیی و تەندروستییەکان لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشیدا تا کاتێکی نادیار کارەکانیان ڕاگرتووە.

ڕۆژی 11ی ئەم مانگە دوو هێرش لە دوو ناوچەی جیاوازدا ئەنجامدراون

یەکێک لە هێرشەکان لەلایەن هێرشبەرانی دەمامک کراو بە سواری ماتۆڕسکیل دکتۆر (عەبدولموفدی عەلی) یان لە نزیک نەخۆشخانەی ئەلکیندی لە شارۆچکەی ئەلتیانای ڕۆژهەڵاتی دیرەزۆر کوشت.

دووەم هێرش لە کامپی هۆل ڕوویدا و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بەسیم محەمەد بەرپرسی تەندروستی مانگی سووری کوردی کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان کارمەندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هێرشێکی جیادا لەکەمپی هۆل لە 12ی ئەم مانگەدا بە سەختی بریندار کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی مانگی سوری کوردی، دوو کەس بە بیانووی نەخۆشییەوە لە ڕێگەی خاڵی مانگی سووری کورد لە کامپی هۆلدا پەڕیونەتەوە و ئەندامێکی مانگی سووریش کە گولەیەک بەر سەری کەتووە دەکوژن، هەروەها لە ڕاگەیەندراوە هاتووە هێرشبەرەکان توانیویانە بچنە ناو کەمپەکەوە.

سۆزدار ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی مانگی سوری کوردی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند:"باسم محەمەد لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە ناو ڕێکخراوی مانگی سووری کوردا خزمەتی کردووە."

بەپێی زانیارییەکان، ئەو دەزگا تەندروستیە کارەکانی خۆی لە نێو کەمپەکەدا ڕاگرتووە.

بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان، ئەم زانیارییانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆربەی ڕێکخراوەکان ڕۆژی چوارشەممە کارەکانیان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی کارمەندەکەی دەزگا تەندروستیەکە ڕاگرتووە.

جێی ئاماژەیە، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئاسایشییەکان لە ئامادەباشیدان و هێزێکی پشتیوانیش ڕەوانەی کامپەکە کراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:33 0:00


XS
SM
MD
LG