بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعە ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق گوزارشت لە ڕای خەڵکی عێراق ناکات، چونکە یاسای هەڵبژاردن پڕبووە لە گرفت و ڕێژەی دەنگی لایەنەکان و ژمارەی کورسیەکان زۆر دووربوون لە یەکتریەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر محەمەد حسام بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئاماژەبەوەدەکات، هەڵبژاردنی مانگی 10 ی ساڵی 2021 گرفتی گەورەی تێدابوو، هەر لە بەڕێوەچوونیەوە تا دەگاتە کاتی بەڕێوەچوونەکەی، ئەمە جگە لە ساختەکاری و پێشێلکاری زۆر، بۆیە باڵانسی هێز تێکدرا، تێکدانی باڵانسی هێز چاوەڕوانکراو نەبوو، چونکە تێکدانەکە بەڕێگەی سروشتیدا نەڕۆیشت، وتی"ئێمە کێشەمان هەبوو لەیاسای هەڵبژاردن، ژمارەی کورسیەکان یەکیان نەدەگرتەوە لەگەڵ ڕێژەی دەنگ دا، بۆ نموونە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی دوو ملیۆن دەنگی هێناوە، کەچی ژمارەی کورسیەکانی نەگەیشتووەتە 70 کورسی، لەکاتێکدا برایانمان لە ڕەوتی سەدر 800 هەزار دەنگیان هێناوە، کەچی بوونەتە خاوەن 73 کورسی، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەری عێراق ناکات."
بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعە هیوای خواست، ناکۆکیەکان لەسەر هەڵبژاردن نەڕوات بەرەو دەرهاویشتەی مەترسیدار و کێشەکان لە ڕێگەی سیاسیەوە چارەسەر بکرێن، نەک ڕێوشوێنی تر بگیرێتە بەر، وتی"ئاراستە هەیە کەشەکە بەرەو گرژی دەبات، یاخود تەواوی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە، بۆیە ترس هەیە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر عێراق بەشێوەی گشتی هەبێت، دەبێت کەسایەتیە ژیرەکان بەڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، ئێستا کاتی شکاندن و تەسفیە حساب نیە، پێویستە ئەم قەیرانە تێپەڕێنین."
بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی بە پێویستی دەزانێت حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنرێت، زۆرینەیەکی فراوانکراو نەک سادە، چونکە لەکاتی بوونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز و خاوەن جەماوەر، حکومەتی زۆرینەی سادە ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات،وتی"مەترسی هەیە لەسەر عێراق، چونکە کلتوری ڕق لێبوونەوە و ململانێی سیاسی تێکشکێنەر بڵاو دەبێتەوە، پێمانوایە گەر بەشێوەیەکی خێرا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، دەڕۆین بەرەو کێشەی گەورەتر و بەخراپی بەسەر خەڵک و واقیعی عێراق دا دەشکێتەوە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و دەربارەی ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، دکتۆر محەمەد حسام وتی"ئەم مەسەلە پەیوەندیدارە بە نێو ماڵی کوردەوە و ئێمە دەستوەردان ناکەین، برایان کورد خۆیان خاوەن بڕیارن و ڕێکدەکەون."