وەرگێڕان، هەم هونەرە و هەمیش زانستە و ڕۆڵیکی گەورە و گرانیشی هەیە لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانیشدا، جا ئەم کردەی وەرگێڕانە بریتی بن لە وەرگێرانی زارەکی یان وەرگێڕانی دەقە نوسراوەکان.
وەرگێڕان لەناو کورددا وەک زۆرێک لە سەرچاوەکان جەختی لێدەکەنەوە زیاتر لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیپێکردووە و هەر زووبەزووش لەناو ڕوناکبیران و نوسەرانی کورددا بە کارێکی مەزن و پیرۆزیش ناودێر کراوە، لەو ڕوانگەیەوەی بەشدارییەکی گەورەی دەبێت لە پێشکەوتن و گەشەپێدانی زمان و بوژاندنەوەی فەرهەنگەکان و لێکنزیکبوونەوەی کلتور و فەرهەنگە جیاوازەکان و ئاشناکردنیان بە یەکتر.
وەرگێڕان دەبێتە مایەی تێگەیشتن لەو تێکستانەی وەک شاکاری جیهانی لێیان دەڕوانرێت، ئەمەش بێگومان دیاردەیەکی ئەرێنییە و پەیوەندییەکی ئەرێنیش دروست دەکات لەگەڵ بیرکردنەوە و دنیابینی و تێگەیشتنی مرۆڤدا.
لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، شەپۆلێکی گەورەی وەرگێڕان دەستیپێکرد، بەڵام زیاتر بایەخ درا بە تێکست و دەقە ئەدەبییەکان و جار جارەش لایەک کراوەتەوە لە وەرگێڕانی کتێبە زانستییەکان و یاساییەکان، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ لاکردنەوەکانی تردا کەم بوون.
دەشێت وەرگێڕ لێرەدا بە تایبەتی بۆ تێکستە زانستی و یاساییەکان بیانوی خۆی هەبێت و لەوانەشە یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی پاشخانێکی زانیاری بێت لەسەر هەر یەکێک لەو دوو جۆرە بابەتە.
خالید مەجید، یەکێکە لەو نوسەر و وەرگێڕانەی چەندان بەرهەمی لە زمانی شیرینی کوردییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و هەروەها بە پێچەوانەشەوە.
ئەمە بێ لەوەی کاری لە ڕاگەیاندنیشدا کردووە و ئەگەر بە هەڵەشدا نەچووبم، لەدوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ەوە بەردەوام بۆ نزیکەی 3 ساڵ بەرنامەیەکی گرنگی پێشکەش دەکرد بە ناوی "یاسا و کۆمەڵ" ئەم بەرنامەیە خاوەنی بینەرێکی زۆر بوو.
خالید لە وتارەکانیدا، زیاتر بایەخ دەدات بە هزر و موزیک و ئەدەب.
وێڕای هەموو ئەم کارە جوان و بەپێزانەی خالید مەجید دەیانکات، کتێبێکی تەنز ئامێزیشی هەیە بە ناوی "پیاوە ناماقوڵەکان."
لەبیریشم نەچێت ئەم نوسەر و وەرگێڕەشمان خاوەنی شیعری جوانیشە و سەرنجی خوێنەرانی شیعر و هەروەهاش هونەرمەندانی موزیسیان و گۆرانیبێژانیشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و چەندان شیعری ئەم نوسەرەمانیان کردۆتە گۆرانی.
پیاوە ناماقوڵەکان کێن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا؟
لە نوسینی بابەتی تەنز ئامێزدا، چ جیاوازییەک لە نێوان تەنز و ناوزڕاندن و هەجودا هەیە؟
ئایا هەبوونی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە زمان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەرگێڕانی یاساکان و بڕیارە یاساییەکان بۆ سەر زمانی کوردی؟
خالید مەجید فەرەج، نوسەر و مافناس لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.