سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی ڕایدەگەیەنێت، کورد و عەرەبی سونە هەنگاویان بە ئاراستەی بەش بەشکردنی نێو ماڵی شیعە ناوە، دوور نیە شیعەش لە داهاتوودا هەمان هەنگاو بەرانبەر بەوان بنێت، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە گەر حکومەتی عێراق بێ مالیکی پێکبهێنرێت، لایەنەکان بەرپرسیاردەبن لەشکستهێنانی ئەو حکومەتە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعد مەتڵەبی سەرکردەی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، دەڵێت"پێموایە لە کۆتاییدا لایەنە سیاسیەکان دەگەنە چارەسەر بۆ گەیشتنە ڕایەکی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی حکومەتی عێراق."
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا نەیشاردەوە، ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان مەترسی لەسەر دۆخی عێراق دروستکردووە و وتی"ناکۆکی نێوان کوتلە شیعەکان ئەسڵی کێشەکەیە، ڕەنگە دۆخەکە بڕوات بۆ پێکدادانی چەکداری گەر چارەسەر نەکرێت، کە بارگرژی بەلای هەمووانەوە هێڵی سوورە، دەبێت هێزە کوردی و سونی و شیعەکان بگەنە ڕایەکی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی وڵات، واز لە پەراوێزخستن بهێنرێت، تا هیچ لایەک هەست بەپەراوێزخستن نەکات."
سەعد مەتڵەبی ڕێککەوتنی نێوان ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە و پارتی دیموکرات بە مەترسی گەورە دادەنێت، دەڵێت"ئەم ڕێککەوتنە مەترسی گەورەی بۆ داهاتوو بەدواوەیە، کورد و عەرەبی سونە بە ئاراستەی دابەشکردنی ماڵی شیعە هەنگاویان نا، بێگومان ئەمە لێکەوتەی بۆ داهاتوو دەبێت، ڕەنگە شیعەش هەمان هەنگاو بنێت بەرامبەر کورد و سونە، ئەمەی ڕوویدا سیاسەتی تەوافقی نیە کە عێراقی لەسەر بونیاتنراوە، تەنها هاوکێشە بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت، تەوافقی یە بەبەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکان لەحکومەت دا."
سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت لەلایەن ڕەوتی سەدر و سونە و کورد و هادی عامری بێ بەشداری پێکردنی دەوڵەتی یاسا، سەعد مەتڵەبی وتی"هیچ شتێک دوورنیە، ئەمە ئەنجامی باش نابێت و مەترسی بۆ داهاتوو هەیە، گەر حکومەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شکستی هێنا، لە ڕازیکردنی خەڵک شکستی هێنا، گەندەڵی چارەسەر نەکرا، کوتلەکانی پێکهێنەری حکومەت لەهەڵبژاردنی داهاتوو باجەکەی دەدەن."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا پێشبینیکرد حکومەتێکی بەشێوە زۆرینە و بەناوەڕۆک تەوافقی پێکبهێنرێت، وتی"بەدووری دەزانم، سەدر بێ هێزە شیعەکانی تر حکومەت پێکبهێنێت."