Accessibility links

قایمقامی هەولێر: تا ئێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون و 11 شوێنیش داخراون بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت


هێزە ئاسایشییەکانی هەولێر چەندین یانەی شەوانەیان لە هەولێر و ناحیەی عنكاوە داخست و ڕێكاری یاساییش بەرامبەر بە خاوەنەكانیان دەگرنەبەر، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر ئاشكرایكرد تا ئێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون و 11 شوێنیش داخراون، ئەوانەی كە دەستگیركراون لە بنكەكانی پۆلیس پەڕاویان بۆ دەكرێتەوە و ئەو شوێنانەشی كە داخراون بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەشێك لە خەڵكی پێیان وایە داخستنی ئەو كافتریا و خواردنگە و ئەو شوێنانە بە گشتی لە یانەكانی شەواندا كاریگەریان بەسەر كەرتی گەشتوگوزارەوە دەبێت بۆیە تەنها پێویستیان بە رێكخستنەوە و پابەندبوونی زیاتر هەیە لە چوارچێوەی رێكار و رێنمایی و یاسادا نەوەک داخستنی یەكجارەكی.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " ئەوەی كە ڕوویداوە هیچ پەیوەندیەكی بە كەرتی گەشتوگوزارەوە نییە زۆر كەس وا لێكدەداتەوە كە زیان بە گەشتوگوزار دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە هەبێت زیان بە كەرتی گەشتوگوزار دەگات ئەمانە شوێنی ڕێگەپێدراو نەبوون و كاری نەشیاوی تێدا ئەنجامدراوە، شوێنێك بوون كەوا سەرپێچی ڕێنماییەكانیان كردووە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دێت كە لە پارێزگا دانراوە، ئێمە پێش سەری ساڵیش ڕامانگەیاند كەوا لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو شوێنانە نەوەک داخستنیان، ئەو شوێنانە هەمووی دەبێت رێكبخرێنەوە بەپێی ئەو بڕیارانە كار بكەن كە لە پارێزگاوە دەرچووە لە ڕووی پابەندبوون بەكات هیچ شوێنێك لە جیهاندا نییە كە تاوەكو بەرەبەیان كراوە بێت، پێویستە لە ڕووی ئاسایشی و تەندروستیشەوە ئەو شوێنانە لە ژێر كۆنتڕۆڵدا بن و خەڵك بتوانێت ڕووی تێ بكات بۆیە ئەمە لە چوارچێوەی ئەو پلان و بەرنامەی پارێزگا دێت كە مەبەست لێی رێكخستنەوەی ئەو شوێنانەیە."

وتیشی" سیكتەری گەشتوگوزار یەكێك لە سیكتەرە گرنگەكانە، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگیەكی تایبەتی پێ دەدات ئێمە هەردەم هەموو لایەنەكانی ئیداری لە هەولێر هەوڵ دەدەین كەوا زیاترین گەشتیار ڕابكێشین بۆ هەولێر و هەروەها پەرە بە شوێنە گەشتیاریەكان بدرێت و فراوان بكرێن."

لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو پاریزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە دیاردەى ناشیرین دوور لە ئادابى گشتى، ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازرا، پاراستنى داب و نەریت و بەهۆی سەرپێچیی و پابەندنەبوون بە بڕیار و ڕێنمایەکانی پارێزگای هەولێر، چەندین یانەی شەوانە داخراون و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.

پارێزگاری هەولێر ڕاشیدەگەیەنێت هەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانە درێژەی هەیە كە پابەندنین بە بڕیار و ڕێنماییەکانی پارێزگای هەولێر و بوونەتە هۆی بێزاری هاوڵاتییان و لادان لەیاسا و رێکاری یاساییش بەرامبەر بە خاوەنەکانیان دەگرێتە بەر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:46 0:00

XS
SM
MD
LG