Accessibility links

عێراق لە دووڕیانی شەڕی نەخوازراودا


هەڵبژاردنەکانی عێراق و یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکە، جێی سەرنجێکی زۆری خەڵکی عێراق بوون لە سۆنگەی ئەو گۆڕانکاریانەی شەقامی عێراق داوای دەکرد.

زۆرێک لە چاودێڕ لەو بڕوایەدان ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە دەشێت زیاتر پەرە بسەنن و بڕوات بەرەو ڕەوشی نەخوازراو، بەڵام سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆ ئەو ئەگەرە بە دوور دەزانێت لە کاتێکدا ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت ئایندەی عێراق کەوتۆتە سەر ڕێککەوتنی نێوان سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی عێراق، لەوانە؛ هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر، هێرشەکان، بگرەوبەردەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەوڵدان بۆ پەنابردنە بەر شەقامی عێراقی لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی بۆ دابین نەکراوە، دەستبادانی سیاسییەکان، ئەمانە و کۆمەڵێک فاکتەری تریش سەرسوڕمانی لای خەڵک دروستکردووە لە ڕوانگەی ئەو چاوەڕوانیانەی هەیانبوو بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردن.

هشام عەلی ئەلسوهەیل، سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی عێراقە و دەڵێت "گۆڕانکارییەکان لە سەرەتای ڕێگەدان و پێویست بە هەوڵ و کۆششێکی گەورەتر هەیە بۆ گۆڕانکاری هەمەلایەن و تەواوەتی بۆ بونیاتنانی عێراق. هێشتاش لە عێراقدا خەڵک و لایەنیش هەن بە ناوی پێکهاتەکان و نەژاد و ئاینزاوە خۆیان دەناسێنن و قسە دەکەن، هەر کاتێک توانرا عێراق لەو دیاردانە دووربخرێتەوە و توانرا بە ناوی عێراقیبوونەوە قسە بکرێت ئەوجا هەست دەکرێت گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە عێراقدا هاتۆتە ئاراوە."

بەڕێز ئەلسوهەیل دەڵێت "پەسەندکردنی ئەم گۆڕانکاریانە بەلای هەندێک لایەنەوە زۆر قورسە بەڵام ناگەنە ئەوەی شەڕی ناوخۆ ڕووبدات و لەوانەیە لێرە و لەوێی عێراقدا هەندێک شەڕ و تەقوتۆق ڕووبدەن، بەڵام ئەوەی شەڕی ناو ماڵی شیعە ڕووبدات لە ناوەڕاست و باشوری عێراقدا بە دوور دەزانم، مەگەر شتێکی نائاسایی ڕووبدات یان دەستێوەردانێکی دەرەکی بکرێت."

شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوبڕوایەدایە تەنها ڕێککەوتنی نێوان موقتەدا ئەلسەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگر دەبێت لە ئەگەری ئەو شەڕە ناوخۆییە و دەڵێت "ئەگەر تا ڕۆژی 8ی مانگی 2 هەردوو لایەنی هەماهەنگی و لایەنی سەدر نەگەنە چارەسەرییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی تەوافوقی، ئەوا ڕەوشەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و دەبێتە شەڕی ناوخۆ لە بەغدا و لە ناوچەکانی تری عێراق و ئێستاش ئەو لایەنانە لە خۆئامادەکردندان."

بەڕێز دووبەردانی ئاماژەش بەوە دەکات بەهۆی ئەو گۆڕانکاریەی لە هاوکێشە و نەخشەی سیاسی پەرلەماندا هاتۆتە ئاراوە، ئاسان نییە بتوانرێت حکومەتی نوێی عێراق بە شێوازەکانی پێشوو دابمەزرێندرێت.

هاوپەیمانێتی فەتح، لایەنێکی گەورەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە و چەند جارێک لەگەڵ ڕەوتی سەدردا کۆبوونەوتەوە و سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیک بوونەوەیەک هاتۆتە ئاراوە.

هشام ئەلسوهەیل دەڵێت "نوری ئەلمالیکی بۆتە گرێی ئێستای نێوان سەدرییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی و بەڵام لەوبڕوایەدا نیم ئەلامالیکی و دەوڵەتی یاسا ببنە بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێکی بەرایی نێوان موقتەدا ئەلسەدر و هادی ئەلعامری."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ هشام ئەلسوهەیل و شیروان دووبەردانی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:17 0:00


XS
SM
MD
LG