Accessibility links

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا نۆ کۆڵبەری کورد گیان لە دەستدەدەن و برینداردەبن، بەشێکیشیان بێسەروشوێنن


لەگەڵ هاتنی زستان و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی ئێران، دیسان هەواڵی گیان لەدەستدانی کۆڵبەران دووبارە دەبێتەوە بە مانشێتی هەواڵەکان.

ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ڕایانگەیاند کە سێ کۆڵبەری گوندێکی سەر بەشاری ورمێ چەند ڕۆژێک پێش ئێستا و لە کاتی کوڵبەریدا بەهۆی بەفر و سەرماوە، بێ سەروشوێن بوون و تاکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

ڕێکخراوەکان دەڵێن لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، سێ کۆڵبەری خەڵکی گوندی باوانی سەر بە شاری ورمێ، بە ناوەکانی بارزان مەیهەنی، ئەسعەد سەیدانیفەرد و بەهلول سەیدانیفەرد بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە دۆڵی 'بەناری' ورمێ بێسەروشوێن بوون.

لەو ڕۆژەوە کۆڵبەرەکان پەیوەندیان لەگەڵ خێزانەکانیاندا نەماوە، خەڵک دەستیانکردوە بە گەڕان بەدوای کۆڵبەرە ونبووەکان و ڕزگارکردنیان، بەڵام تاکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'ئێعتیماد'دا کە ڕۆژنامەیەکی ئێرانییە و لە تاران بڵاو دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێن بوونی ئەو سێ کۆڵبەرەی پشتڕاست کردۆتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا، 9 کۆڵبەر لە ناوچە کوردییەکانی ئێران تووشی ڕووداو و کارەسات هاتوون.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت 10رۆژ پێش ئێستا و لە 8ی مانگی یەکدا، عوسمان محەمەدی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندێکی سەلاسی باوەجانی لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوری شوشمێ کە دەکاتە سنوری نێوان ناوچە کوردییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار دەبێت و قاچێکی لە دەستدەدات.

ڕاپۆرتەکە هەروەها دەشڵێت، سێ ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە و لە ڕۆژی 11ی ئەم مانگەدا، کەسێکی دیکە بە ناوی یاسر سەحرایی، خەڵکی شاری جوانڕۆ لە هەمان جێگادا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی ترەوە بریندار دەبێت.

ڕۆژنامەی ئێعتێماد ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە 14ی ئەم مانگەدا کەسێکی تر بەناوی مێهران ڕەحمانی کە تەمەنی 24 ساڵ بووە، لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی تەقەی هێزەکانی سەرسنوری ئێرانەوە گیانی لە دەستداوە و دوو کۆڵبەری تریش لە هەمان کاتدا بە ناوەکانی ئیبراهیم ڕەحمانی و هاورێ ئەحمەدی بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، کۆڵبەرەکان خەڵکی گوندەکانی سەر بە شاری بانە بوون .

ئەو ڕۆژنامەیە دەشڵێت تەنیا ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە و لە ڕۆژی 15ی ئەم مانگەدا، کۆڵبەرێکی تر بەناوی عوسمان ڕەسوڵی، خەڵکی بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا بە گولەی پاسەوانانی سەر سنوور، بە سەختی بریندار بووە.

کۆڵبەر بەو کەسانە دەوترێت کە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، کە زۆربەیانلە شار و گوندەکانی سەقز، پیرانشار، بانە، سەردەشت، مەریوان و هەورامان و جوانڕۆ، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بە شێوەی نایاسایی کاڵا و شتومەک بە کۆڵ لە هەرێمی کوردستان و تورکیاوە،دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران.

XS
SM
MD
LG