Accessibility links

عەرەبی سونە: دۆخی عێراق بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات


لە کاتێکدا ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و پارتی هەیە، بەڵام بەرپرسانی عەرەبی سونە پێیانوایە دۆخی عێراق ناسەقامگیرە و گەر هێز و لایەنە شیعەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ناسەقامگیری ڕوو لە عێراق دەکات.

تا ئێستا عەرەبی سونە بە براوەی ململانێ و کێشمەکێشەکانی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان بردووە و بەیەک دەنگیش چوونە گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ هێزە عێراقیەکان.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003، یەکەمجارە عەرەبی سونە بەم شێوەیە یەکگرتوو و یەکدەنگ بن، سەرباری ئەوەی هێشتا ژمارەیەک پەرلەمانتاریان ئاراستەی جیایان لە هاوپەیمانێتیەکەی عەزم و محەمەد حەلبوسی گرتووەتەبەر.

نورجحێشی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کوتلەی عەزم لە بارەی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەمڕۆ شەراکەتی سیاسی دروستبووە لە نێوان کورد و عەرەب و شیعە، ململانێ تەنها لە نێوان حیزبەکان هەیە، نەک پێکهاتەکان."

عەرەبی سونە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لە زۆربەی پارێزگاکان ژمارەی کورسیەکانیان زیادکرد، هەرچەندە بە دوو هاوپەیمانێتی جیاوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام دواتر یەکیانگرت و لەگەڵ پارتی و ڕەوتی سەدر چوونە نێو ڕێککەوتنەوە.

ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ڕێککەوتنەکان باشن گەر بەردەوام بن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەناو خودی پێکهاتەکانیش ناکۆکی هەیە و ئەم ڕێککەوتنانە گرەویان لەسەر ناکرێت."

سەرباری ڕێککەوتنی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە، بەڵام هێشتا لە نێو کورددا ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە و لەنێو شیعەشدا، کێشمەکێشەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت تا دێت قوڵ دەبنەوە.

نور جحێشی پەرلەمانتاری کوتلەی عەزم، دەڵێت"لەسەر ئاستی شەقامی عێراق ترس هەیە لە دۆخەکە، هاوڵاتیان چاودێری دۆخەکە دەکەن، ترسیان لەڕوودانی شتی نادیار هەیە."

هەرچەندە بە ڕێککەوتنی ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە و پارتی، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەڵام مەسەلەی نایاسایی بوون و یاسایی بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان براوەتە دادگا و هێشتا دادگا بڕیاری لە بارەوە نەداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:10 0:00


XS
SM
MD
LG