گەلاوێژ عەلی ئەمین پیرداود، کاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت" هەوڵدەدەم لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی دراوسێ کار بۆ سەرجەم عێراقیەکان بکەم وە خۆم وەک کوردستانیـیەک بناسێنم و کوردیش بناسێنم بە هەموو جیهان." دەشڵێت" وەک ژنێک ویستومە ڕچە شکێن بم لە خۆ کاندیدکردن، وە هەوڵدەدەم دەنگی ئەو لایەنە کوردستانیانە بەدەست بهێنم کە خۆیان کاندیدییان نیـیە."
” هەوڵدەدەم لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی دراوسێ کار بۆ سەرجەم عێراقیەکان بکەم وە کوردستانیش. خۆم وەک کوردستانیەک بناسێنم و کوردیش بناسێنم بە هەموو جیهان"
گەلاوێژ عەلی ئەمین پیرداود دەربارەی خۆ کاندیدکردنی وتی" من وەکو سەربەخۆیەک خۆم کاندید کردووە و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نیم، وەکو ژنێک وەک مافپەروەرێک بڕوام بەوە هەیە کە پێڕەوی مافی دیموکراسی خۆمان بکەین، هەروەها وەکو ژنێک بۆ ئەوەی یەکسانی جێندەری بەرپا بکەین، هەروەها وەکو کوردێک مافی هەموو کوردە بۆ ئەو پۆستە خۆی کاندید بکات ئەم پۆستە بە تەنها موڵکی لایەنێک نیـیە، وە کورد کە نوێنەرایەتی هەموو کورد و عێراق دەکات لە ناوەندە نێوەدەوڵەتیەکان لەو پۆستەدا من حەز دەکەم نوێنەرایەتی هەموو ژنانیش بکەم. "
دەربارەی ئەوەی بەرنامەت چی دەبێت ئەگەر بوویتە سەرۆک کۆماری عێراق؟
گەلاوێژ عەلی ئەمین وتی" مرۆڤ کە خۆی کاندید دەکات نازانێت دەردەچێت یا نا، بەڵام لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام من ئەگەر بوومە سەرۆک کۆمار هەوڵدەدەم کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە بکەم کە دژی کورد یان هەر لایەنێکی عێراقی دەرکراوە، چونکە کە بووینە سەرۆک کۆمار واتە سەرۆکی هەموو عێراقیەکان، جگە لەوەش هەوڵ بۆ هەستانەوەی ئابوری عێراق و خۆشگوزەرانی ژیانی هاوڵاتیان دەدەم، وە هەوڵدەدەم بە پێی ماددە 71 ی دەستوری عێراق کە هەندێک دەسەڵات دراوەتە سەرۆک کۆمار هەوڵدەدەم، وە هەوڵدەدەم لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان وڵاتانی دراوسێ کار بۆ سەرجەم عێراقیەکان بکەم وە کوردستانیش خۆم وەک کوردستانیەک بناسێنم و کوردیش بناسێنم بە هەموو جیهان."
"وەک ژنێک ویستومە ڕچە شکێن بم لە خۆ کاندیدکردن"
گەلاوێژ عەلی ئاماژەی بەوەشکرد " هەرچەندە لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە هەتا ئێستا ژنێک نەبۆتە سەرۆک کۆمار، بەڵام هیچ دەقێکی دەستوری یاسایی نیـیە ڕێگری لە ژنان بکات لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، وە ئێمە لە دوای 2003 وە بانگەشەی دیموکراسی دەکەین بۆ ژنانیش مافی خۆیانە پەیڕەوەی ئەو مافە دیموکراسیەی خۆیان بکەن نەک هەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵکو پۆستە باڵاکانی تریش وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمان حەقە بدرێتە ژنان تا پەیڕەوی توانای خۆیان بکەن، وە من وەک ژنێک ویستومە ڕچە شکێن بم لە خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە هەرچەندە پێش منیش هەبووە بەڵام دەبێت بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستانە بدەین و نەوەستین."
"هەوڵدەدەم دەنگی ئەو لایەنە کوردستانیانە بەدەست بهێنم کە خۆیان کاندیدییان نیـیە"
ئەو کاندیدە ژنە باسی لەوەکرد" هەوڵدەدات دەنگی لایەنەکان بەدەست بهێنێت بە تایبەت ئەو لایەنە کوردستانیانەی سەربەخۆن و خۆیان کاندیدییان نیـیە، هەندێکیان بڕوایان هێناوە و هەندێکیشیان هێشتا ماون. "
وتیشی" بە حکومی ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆن بووم لە پێشتردا لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پەیوەندییەکی زۆر باشم هەیە لەگەڵ لایەنەکان، ئێستا یانزە ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بوونەتە پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوانیش قسەم کردووە و وەڵامەکەیان ئەرێنی بوون. "
" لە مانگی پێنجەوە دەستم لەکارکێشاوەتەوە"
هەرچەندە ئەو کاندیدە ژنە لە پێشتردا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بوو لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەڵام لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ڕای حزبەکەت( یەکێتی) چی بوو لەسەر خۆ کاندید کردنت؟
لە وەڵامدا گەلاوێژ عەلی ئەمین پیرداود وتی" من لە 2/5/2021 دەستلەکارکێشانەوەم داوە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان شانازی بە مێژووی ڕابردوەوە دەکەم، بەڵام ئێستا کەسێکی سەربەخۆم و خۆم کاندیدکردووە و پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە نیـیە. "