Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت لێدوانەکانی بایدن داگیرساندنی گڵۆپی سەوز نیە بۆ داگیرکاری ڕوسیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە تیایدا باسی لە " هێرشێکی بچووکی ڕوسیای " کرد داگیرساندنی گڵۆپی سەوز نیە بۆ ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.

ستۆڵتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا سەرۆکی ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ دوژمنکاری ڕوسیا هەڵکردووە، وتی " بێگومان نەخێر."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕوسیا ئەگەر داگیرکاری بکات ئەوا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت." ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر ڕوسیا هێرشێکی بچووک بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا باجەکەی سوکتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی " هێرشی بچووک و وڵاتی بچووک بوونی نیە."

لێدوانەکەی بایدن نادیاریی دەرخست سەبارەت بەوەی ڕۆژئاوا چۆن وەڵام دەدەنەوە ئەگەر سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن فەرمان بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، ئەمەش وایکرد دواتر کۆشکی سپی ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی بایدن مەبەستی چی بووە.

دوابەدوای لێدوانەکەی سەرۆک بایدن، کۆشکی سپی لەو پێشنیارە کشایەوە کە ئەگەر ڕوسیا هێرشێکی بچووک بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا ئەمەریکا سزای سوکتری بەسەردا دەسەپێنێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕوونکردنەوەیەکیدا سەبارەت بە لێدوانەکەی بایدن و وتی " ئەگەر هەر هێزێکی ڕوسی جوڵە بکات بۆ ناو ئۆکرانیا ئەوا وەکو داگیرکردن هەژمار دەکرێت."

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەشی بەوەدا هاوپەیمانان پشتیوانیەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر کردووە، تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا دەکەن و " تاوتوێی زیادکردنی هێزەکانی ناتۆ دەکەن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتیەکەدا." وتیشی ڕوسیا بانگهێشت کراوە بۆ کۆمەڵێک کۆبوونەوە تاوەکو چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG