Accessibility links

لە هێرشێکی داعشدا ئەفسەرێک و 10 سەربازی سوپای عێراقی دەکوژرێن


سەربازێکی عێراقی
سەربازێکی عێراقی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، چەکدارانی داعش لە ناوچەی عوزێم ی پارێزگای دیالە، هێرشیانکردە سەر بارەگایەکی لیوای دووی سەربە فیرقەی یەکی سوپای عێراق، 10 سەرباز و ئەفسەرێکیان بە پلەی مولازم کوشتووە.

بەپێی زانیاری بەرپرسانی عێراق، چەکدارانی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە سودیان لە خراپی کەش و هەوا وەرگرتووە، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەشدا، لە کۆی 12 سەربازی نێو بارەگاکە، 11 سەربازیان کوژراون و تەنها یەکێکیان دەرچووە، کە لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، زانیاری زیاتری ئاشکراکرد و بەدەنگی ئەمەریکای وت"چەکدارانی داعش 10 سەرباز و ئەفسەرێکیان کوشتووە، تەنها 1 سەرباز لەبارەگاکەی سوپای عێراق لە عوزێم ڕزگاری بووە، ئەویش لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."

ئەو ئەفسەرەی کە فەرماندەی بارەگا سەربازیەکەی سوپای عێراق بووە و لەلایەن داعشەوە کوژراوە، ناوی مولازم ( زرغام) ەو ماوەی مانگێکە ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.

سەرچاوەکە، وتیشی"چەکدارەکانی داعش تەواوی چەک و کامیرای حەراری و کەرەستەکانی نێو بارەگا سەربازیەکەی عێراقیان بردووە و هەڵاتوون."

بەپێی وتەی سەرچاوە ئەمنیەکە، هێرشەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە، پێشتر لەلایەن دەزگای هەواڵگیری عێراقەوە، زانیاری هەبووە لەسەر ئەوەی والی عێراقی داعش، فەرمانی بە هێزەکانیان کردووە هێرشەکانیان دەست پێبکەنەوە.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، چەکدارانی داعش گەڕاونەتەوە بۆ بەشێک لەو ناوچانەی پێشتر سوپای عێراق و پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجامدان، چاوەڕوانی جوڵەی تریش لەداعش دەکرێت.

لای خۆشیەوە لیوا ڕوکن ڕەعد مەحمودی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش بەدوای هەلدا دەگەڕێت و هەل دەقۆزێتەوە، بەڵام وەکو هێزە عێراقیەکان بەدوایانەوەین."

XS
SM
MD
LG