شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سێهەم ڕۆژە بەردەوامە پاش ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر گرتووخانەیەکی کە نزیکەی چوار هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعشی تێدایە.
ڕێکخراوێکی چاودێری شەڕ دەڵێت هەتا ئێستا زیاتر لە 70 کەس بەهۆی ئەو شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە.
هێرشەکەی کە شەوی پێنجشەممە کرایە سەر گرتووخانەی حەسەکە یەكێکە لە هێرشە هەرە گەورەکانی داعش لەوکاتەوەی خەلافەتەکەی نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر لە سوریا شکستیهێنا.
ڕامی عەبدوڵڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 28 ئەندامی هێزە کوردییەکان، پێنج سڤیل و 45، ئەندامی داعش کوژراون."
ئەو ڕێکخراوەی بنکەی لە بەریتانیایە بە ڕێگای خۆبەخشە ناوخۆییەکانی چاودێری شەڕی سوریا دەکات دەشڵێت جیهادییەکان " دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیشدا گرتووە."
هەروها دەشڵێت سەدان زیندانی کە هەڵهاتبوون دەستگیرکراونەتەوە بەڵام بڕاو دەکرێت دەیانیان هێشتا نەدۆزرابێتنەوە.
فەرهاد شامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە تویتێکدا دەڵێت " هەسەدە و هێزەکانی ئاسیشی ناوخۆ گەمارۆدانی هێرشبەرەکانی تیرۆرستانی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی ئەلسینا توندتردەکەن و توانیویانە چەند خاڵێکی بەشی باکووری کۆنترۆڵبکەنەوە و چەند هێرشبەرێکیش بکوژن. هێزەکانمان جەخت لە گرنگی دەستگیکردنەوەی ئەندامەکانی داعش بە زیندویەتی دەکەنەوە."
داعش ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا کە لە ئاژانسی دەنگوباسی ئەعماقەوە بڵاوی کردەوە دەڵێت هێرشەکەی بۆسەر ئەو گرتووخانەیە بە مەبەستی "ئازادکردنی زیندانییەکان" بووە.
هێرشەکەی شەوی پێنجشەممە بۆ سەر گرتوخانەی سینا لە حەسەکە سەرەتا لە نزیکەی کاتژمێر هەشتی ئێوارە بەکاتی خۆجێهی بە ژمارەیەک تەقینەوە دەستیپێکرد.
سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی سوتەمەنی لەلایەن هێرشبەرەکانەوە کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە،پاشان ماتۆرسکیلێک لە تەنیشت دیواری گرتووخانەکە تەقێنرایەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمب ڕێژکراویش لە هەمان کاتدا تەقییەوە .
هاوکاتی تەقینەوەکان ژمارەیەک لە چەکدرای داعش کە لە گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە خۆیان حەشاردابوو لە ناو ماڵەکان هاتنە دەرەوە و هێرشیان کردە سەر زیندانیەکە.
دوای تەقینەوەکان و دەست پێکردنی شەڕ، زیندانیانی داعش لەناو گرتووخانەکەش گرژی و ئاڵۆزییان دروستکرد و گڕیان لە پەتوو و جلوبەرگەکان بەردابوو تا دووکەڵ زیاد بکەن. لەو کاتەدا ژمارەیەک لە زیندانییەکان توانیبویان هەڵبێن.
شیکەرەوە نیکۆلاس هیراس لە ئینستتوتی نیولاینس لە واشنتن دەڵێت هێرشەکەی ئەو گروپە جیهادییە بە مەبەستی بەهێزکردنی ورەی ئەندامەکانی بووە. ئەو بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە داعش " دەخوازێت هەنگاو بنێت بۆ زیاتر لەو تۆڕە تیرۆرستی و تاوانکارییەی کە تیایدا هەڵوەشایەوە، جا بۆ ئەمکارەش پێویستی بە چەکداری زیاترە." ئەو گوتیشی " شکاندنی زیندانەکان باشترین دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنێت هێزو توانای خۆی بەدەستبهێنێتەوە، و ئەو زیندانەش ئامانجێکی باشبوو بۆ داعش چوونکە زۆر قەرەباڵغە."
کۆلین کلارک لێکۆڵەر لە نێوەندی سوفانی نیویۆرک دەڵێت پێشبینی دووبارە بوونەوەی هێرشی لەو جۆرە زۆرە " هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ستراتیژیەتێکی گشتگیری پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەدا."
دەسەڵاتدارانی کورد لە سوریا لەمێژە هۆشداری داوە کە نەک تەنها توانای دادگاییکردنیان بەڵکو توانای هێشتنەوەشیانیان نییە لە زینداندا. ئەمانە هەزاران چەکداری داعشن کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ساڵەدا دەستگیر کراون.
کاربەدەستە کوردەکان دەڵێن هاووڵاتی زیاتر لە 50 وڵاتانی جیاواز لە چەندین گرتووخانەی ژێر دەسەڵاتی ئەواندان و دەڵێن ژمارەی گومانبارەکانی داعشی کە دەستگیرکاون دەگاتە زیاتر لە 12 هەزار کەس.