لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران ی حەسەکەی سوریا بەردەوامە و شەڕ و ئاڵۆزی پێی ناوەتە ڕۆژی چوارەمەوە، چەکدارانی داعش لە عێراقیش دەستیان بەجم و جۆڵ کردووە و بەو هۆیەوە هێزە عێراقیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
بەپێی زانیاری دەزگا هەواڵگیریەکانی عێراق، فەرمان لە والی عێراقی داعشەوە دراوە بە چەکدارەکانی سەربەو ڕێکخراوە، تا هێرشەکانیان لە عێراق چڕبکەنەوە، دوای ئەوەی لەچەند شەوی ڕابردوودا، هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە و 11 سەربازیان کوشت.
عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک و شارەزای بواری جموجۆڵی گروپە چەکدارەکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێرشکردنە سەر گرتووخانە لەلایەن چەکدارانی قاعیدە و داعشەوە تازە نیە، وەکو ئەوەی لە حەسەکە ڕوویدا، پێشتر گرتووخانەی ئەبوغرێبیان لە عێراق شکاندووە، گرتووخانەیان لە کەرکوک و سامەڕا شکاندووە، بۆیە ئەمە پلانێکە و هەمیشە گروپە چەکدارەکان بۆ ڕزگارکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەستی بۆ دەبەن."
جەختیشیکردەوە"گەر چەکدارەکانی داعش لە گرتووخانەی غوێران ی حەسەکە دەربازیان ببێت، ئەوا دۆخی عێراقیش ئاڵۆزتر دەبێت."
هەرچەندە ماوەی چوار ڕۆژە شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی داعش لە حەسەکە بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ترسیان لە هەڵاتنی زیندانیەکانی داعش و هاتنیان بەرەو عێراق هەیە، بەتایبەت لەمکاتەدا کە دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزە.
موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدریش وەکو ئامادەکاریەک بۆ بەرەنگاربوونەوە و سەرهەڵدانەوەی زیاتری جوڵەی داعش لە عێراق، هێزەکانی سەرایە سەلامی سەربە ڕەوتەکەی خستەحاڵەتی ئامادەباشیەوە و ڕایگەیاند"دەبێت حکومەت توانای سوپا باش بکات، چونکە بەرپرسیارێتی پاراستنی عێراق و گەلەکەی لەسەر شانیەتی."
شکاندنی گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە و دەستگرتن بەسەر جبەخانەی گرتووخانەکە لەلایەن داعشەوە، لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، دەزگای هەواڵگیری عێراق زانیاری لەبارەی پلانی داعش بۆ هێرشکردنە سەر گرتووخانەکانی کەرکوک بەدەستگەیشتبوو، بۆیە پلانەکەی داعش شکستی هێنا.
عەمید سەرحەد ڕوونیکردەوە، داعش هەمیشە پلانی پەلاماردانی گرتووخانەکانی هەیە، چونکە چەکداری خۆیان لەو زیندانانەدان و دەیانەوێت ئازادیان بکەن.
چەند شەوێک لەمەوبەر، لەناحیەی عوزێم ی سەربەپارێزگای دیالە، لەلایەن داعشەوە هێرشکرایە سەر سوپای عێراق و ئەفسەرێک و 10 سەرباز کوژران، بەرپرسانی عێراقیش لەبارەی هێرشەکە بێدەنگیان شکاند و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندیان کرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"والی عێراقی داعش فەرمانی بە چەکدارەکانی کردووە، هێرشەکانیان دەست پێبکەنەوە، دەزگای هەواڵگیری عێراق سەرجەم هێزە سەربازیەکانی لەم فەرمانەی والی ئاگادارکردووەتەوە."
دوای هێرشە چڕ و بەردەوامەکانی چەند مانگی ڕابردووی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق، پێشمەرگە و سوپا بەهەماهەنگی یەکتر ئۆپەراسیۆنیان لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجامداو چەندین حەشارگەی داعشیان خاپورکرد، بۆیە ماوەی چەند هەفتەیەکە داعش بێدەنگە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان پێشبینی دەستپێکردنەوەی جوڵەی ئەو ڕێکخراوە دەکەن.