کۆمەڵێک لە چالاکوانانی کورد ناوەندێکی نوێیان بە ناوی کۆنفێدراسێۆنی کوردانی دیاسپۆرا – دیاکورد لە وڵاتی سوید پێکهێنا.
دیاکورد لە ڕاگەیەندنێکی ٢٢ی مانگی یەکی ٢٠٢٢ی زاینیدا ئاماژە بەوە دەکات کە کۆنگرەی دیاکورد بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٢٠ کەسی لە شوێنی پێکهاتنی کۆنگرەکەو و ٦٠ کەسیش لە رێگای ئۆنلاینەوە بەڕێوەچوو. نوێنەرانی فێدراسێۆن و ناوەندە کوردستانی و کەسایەتییەکانی چالاکی سیاسی و پسپۆر و شارەزای کورد ئەم ناوەندە نوێیەیان دامەزراند.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگری مامۆستای کورد 'زارا محەمەدی' کە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری پێنج ساڵ بەندی بە سەردا سەپێنراوە، کۆنگرەکەیان بە "زارای نیشتمان" ناودێرکرد.
بەرنامەی ڕوانگە لە ئەم پەیوەندییەدا میوانداری دوو بەشداری ئەم کۆنگرەیە، دکتۆر مەجید هەقی و عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستانی کرد کە پێکهاتنی ئەم کونگرەیە بە درێژەی هەوڵ و تێکۆشانی چالاکان لە هەندەران دەزانن.
دکتۆر هەقی دەڵێت "بوونی رێکخراوێکی مەدەنی و سەربەخۆ لە دیاسپۆرا دەتوانێت پرسی نەتەوەیی بباتە پێش و ئەرکی کۆمەڵگای کورد لە دەرەوەیە کە ئەو پرسە بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە وڵاتانی جۆربەجۆردا دەژین وەبەرچاو بگرێت".
باوەجانی جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە "هەر دوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆسەری دەتوانن لەمبوارەدا هاوکاربن و لە هەمانکاتیشدا ئەو کارانەی کە لە ڕووی یاساییەوە بۆ ئەو دوو حکومەتانە لە دەرەوە ناگونجێت، ئەوە کۆمەڵگای کورد لە هەندەرانە کە دەتوانن لە گەلێک بواری سیاسی، تەنانەت فەرهەنگیشدا هەوڵی بۆ بدەن."
دەقی بەرنامەی ڕوانگە