ماوەی چەند مانگێکە لە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی کەش و هەوا ساردە و بەفرێکی زۆر لە پارێزگاکە باریووە، هێشتا نەوتی سپی بەسەرهاووڵاتیانی سەنتەری پارێزگاکەدا دابەش نەکراوە، کە زیاتر لە 65 هەزار هاووڵاتین و لەگەڵ ئەوەشدا قەیرانی غاز و سوتەمەنیش هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە 55 هەزار دینارەوە بۆ 90 هەزار دینار بەرز کردووەتەوە.
هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە نيگەرانن لە قەیرانەکانی نەبوونی سووتەمەنی لە نەوت و بەنزین و غازی شل، ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەش ئەگەرچی نەوتیان لە حکومەتی عێراقەوە پێگەشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نرخی دابەشکردنی نەوت لە 55 هەزار دینارەوە بۆ 90 هەزار بەرز کراوەتەوە تا ئێستا بەو هۆکارە دابەشیان نەکردووە، بریکارەکان دەڵێن دەبێت هاووڵاتی ماوەی 5-7 ڕۆژ چاوەڕێ بکات ئینجا دەتوانین بوتڵەکانیان لە ماڵەکانی خۆیان بۆ پڕ بکەینەوە.
بەرهەم عومەر هاووڵاتیەکی هەڵەبجەیە و لە کارگەی غازی عەبابەیلێ غازی ماڵانی پڕ دەکاتەوە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە هەڵەبجە قەیرانی بەنزین و نەوت و غاز هەیە و تا ئێستا نەوت دابەشنەکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە نرخی یەک بەرمیل نەوت لەسەرووی 170 هەزار دینارەوەیە."
لوقمان گوڵپی خاوەنی کارگەی غازی هەورامان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ناوچەکانی هەورامان ئێستا سۆپای غاز بەکاردەهێنرێت خواست لەسەر غازی شل زۆرە، ئێمە هەمان ئەو بڕە غازەی لە هاوین پێمان دەگات هەمان بڕمان لە وەرزی زستاندا بۆ هاتووە".
نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئێمە وەک ئیدارەی هەڵەبجە داوامان کردووە کە نرخی نەوت 55 هەزار دینار بێت بەڵام حکومەت ئەوەی ڕەتکردوەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەڵامی داواکەی نەداوینەتەوە کە داوامانکردبوو نرخەکەی کەم بکرێتەوە ."
گرفتی سوتەمەنی لە کاتێکدایە تا ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەکان نەکراوەتەوە، بەشە سوتەمەنی هەڵەبجە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەکانی سلێمانیەوە دابین دەکرێت، ئەمەش وەهای کردووە قەیرانی سوتەمەنی بەگشتی دروست ببێت.