ڤیان دەخیل وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوکات بەرپرسی کەمپینی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، باس لە ئەنجامی سەردانی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ لای موقتدا سەدر کە دەستپێشخەریەکی مەسعود بارزانی گەیاندە سەدر.
" هیچ بەڵێن و بڕیارێکی کۆتایی نەدرا لەو کۆبوونەوەیە"
لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، ڤیان دەخەیل وتی" ئەو دەستپێشخەرییە هی ئەمڕۆ نیـیە، بەڵکو هی ماوەیەک پێش ئێستایە کە سەرۆک بارزانی بیری لێدەکاتەوە بۆ ئەوەی عێراق لەو تەنگەژەیە دەربچێت، چونکە ئێمە هەرگیز نەبووینە لایەنگری لایەک لە لایەکانی ماڵی شیعە، بۆیە دەستپێشخەری کرد تا ئەو ئاڵۆزییانە کەم بێتەوە، دەستپێشخەرییەکە، کە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر چوونە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر باسیان لەو دەستپێشخەرییە کرد، هیچ بەڵێن و بڕیارێکی کۆتایی نەدرا لەو کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەوەی هەیە لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە ، چوارچێوەی دەستوری و کاتی دەستوری هەیە دەبێت ئێمە ڕێز لەو بڕگە دەستورییانە بگرین کە دەبێت 7/2 سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، دواتر کەسێک ڕابسپێردرێت بە پێکهێنانی حکومەت دواتر دەتوانین زیاتر گفتوگۆ بکەین کە دەتوانین کە هەندێک لایەن بهێنرێنە ناو گفتوگۆکان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. "
" هاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ سەدر و سوننە هاوپەیمانێتیەکی بەهێز و پتەوە هیچ گومانی تێدا نیـیە "
ئایا ئەو دەستپێشخەریەی بارزانی کاریگەری هەیە لەسەر هاوپەیمانێتیەکەی پارتی و سەدر و سوننەکان؟ بە واتای خۆ بەدورگرتنی پارتیـیە لە ژێر فشاری ئێران؟
لە وەڵامدا ڤیان دەخیل وتی" نەخێر بە هیچ جۆرێک کاریگەری نابێت لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیە، هاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ سەدر و سوننە هاوپەیمانێتیەکی بەهێز و پتەوە هیچ گومانی تێدا نیـیە، بەڵام جەنابی سەرۆک دەیەوێت ئەو دەستپێشخەریەی هەبێت تا کێشەکانی نێو ماڵی شیعە گەورەتر نەبێت و کاریگەری بکاتە سەر گەلی عێراق، ئەو هاوپەیمانێتیەی ئێمە هیچ پەیوەندی نیـیە بەو دەستپێشخەریەوە. "
" ڕەخنەکان لە پارتی "
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان پاش دەستپێشخەریەکەی بارزانی دەکرێت بەوەی دەوترێت ئەو حزبە هەوڵی یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی نادات و دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی ناو ماڵی شیعە دەکات؟
لە وەڵامدا ڤیان دەخیل وتی" ئێمە پێشتر زۆر هەوڵمان دا کە هەموو لایەنە کوردییەکان بە یەکڕیزی لە بەغداد بن، بەڵام هەندێک لایەن لەگەڵ ئەوە نەبوون، ئەمەش بە تەنها باسی یەکێتی نیـیە، یەکێتی و هەتا هەندێک لایەنی تریش. "
" یەکێتی دوو- سێ کاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار"
"ڕەنگە ئەو دەستپێشخەریەی لە نێوان پارتی و سەدر و حەلبوسی کرا، دەرگایەکی تر بێت بۆ یەکێتی"
هەرچەندە پێشتر دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو" وەک کەسێکی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەۆک کۆمار کاندید کردووە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە نیـیە. "
بەڵام بە وتەی ڤیان دەخیل یەکێتی تەنها یەک کاندیدی نیـیە بۆ پۆستی سەۆک کۆمار، بەڵکو وەک ئەو دەڵێت دوو سێ کاندیدییان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، لەو ڕووەوە وتی" یەکێتی دوو- سێ کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، کە بریتین لە د. بەرهەم ساڵح، د. لەتیف ڕەشید، هەروەها حاکم ڕزگار کە ئەویش لەسەر یەکێتی حسابە و مەیلی یەکێتی هەیە، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە بە کاندیدی خۆمان و بەردەوام دەبین، بەڵام گفتوگۆ هەر دەمێنێت لەگەڵ لایەنەکانی تر، مەرج نیـیە ئێمە سەرۆک کۆمارمان وەرگرت ئیتر بە واتای دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت، نەخێر گفتوگۆ هەردەمێنێت، ڕەنگە ئەو دەستپێشخەریەی لە نێوان پارتی و سەدر و حەلبوسی کرا، دەرگایەکی تر بێت بۆ یەکێتی تا موڕاجەعەی خۆیان بکەن کە بزانن بەرژەوەندی خەڵک لە پێشتر و باشترە لە پەیوەست بوون بە کەسێک، چونکە یەکێتی خەڵک و لایەنگری خۆی هەیە چاوەڕێ دەکەن کە کاریان بۆ بکات، سبەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پێشە، بۆیە یەکێتی دەبێت بزانێت بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و حکومەت لە بەغداد باشترە لە پەیوەستبوون بە کاندیدێک. "
"بەهیچ جۆرێک قائانی باسی پۆستی سەرۆک کۆمار و کشانەوەی کاندیدی نەکردووە لەگەڵ بارزانی"
بەپێی هەواڵی هەندێک لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان پێرێ ئیسماعیل قائانی سەردانی هەرێمی کوردستان و بارەگای بارزانی کردووە، وەک دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، پێشنیاری بۆ بارزانی کردووە هەردوو حزبەکە کاندیدی خۆیان بکشێننەوە؟
بەڵام ڤیان دەخیل ڕەتیدەکاتەوە پێشنیاری لەو جۆرە کرابێت و دەڵێت" بە هیچ جۆرێک شتی وا نەبووە، قائانی باسی پۆستی سەرۆک کۆمار و کشانەوەی کاندیدەکەی پارتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی نەکردووە، ئەوەندەی کە باسکرا لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئەوەیە کە ئێستا دۆخی شیعە با ئاڕاستەیەکی خراپدا دەڕوات ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ئەوا ڕەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر شەقامی شیعە، بۆیە داوا لە جەنابی سەرۆک کرا کە دەستپێشخەریەکی لەو جۆرەی هەبێت بەو پێیەی سەرکردەیەکی حەکیمە و هەمووان گوێی لێدەگرن، خۆی ئەسڵەن جەنابی سەرۆک پێشتر دەیویست دەستپێشخەری وا بکات، بۆیە بە هیچ جۆرێک باسی کشانەوەی کاندیدەکەمان نەکراوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، یاخود کۆماری ئیسلامی فشارێکی لەو جۆرە بکات کە دەبێت پارتی چی بکات یا نا، بەڵکو تەنها داوا لە جەنابی سەرۆک کرا بۆ ئەو دەستپێشخەرییە چونکە ئێستا دەتوانین بڵێین گەورەترین و کاریگەرترین سەرۆکە لە عێراق و ناوچەکە. "
"وەفدەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەدەستی بەتاڵ نەگەڕانەوە بەڵکو کۆبوونەوەکان زۆر زۆر گرنگ بوون"
ڤیان دەخیل جەختیکردەوە کە وەفدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە لە بەغداد وتیشی" ڕێککەوتن کە چوارچێوەی دەستوری هەیە ، لەو چوارچێوەیەدا کە هەندێک لەو لایەنانەی کە حەز دەکەن بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن بێنە ناو گفتوگۆکان، بۆیە ئەوەی لەو کۆبوونەوانەی دوێنێ ئەنجامدرا زۆر گرنگ بوو چونکە بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ کراوە بێت تا دڵنیایی بدەین بە هاوبەشەکانی خۆمان ئێمە نەچووین تا ئەوان بشکێنین یان ئەوان دوور بخەینەوە لە پرۆسەی سیاسی، نەخێر هەتا ئێستا ئەو دەرگایە کراوەیە و ئەو دەستپێشخەرییانە هەیە. "
" ئەگەر کاندیدەکەی پارتی گرفتێکی یاسایی هەبووایە ئەوا ناوەکەی دەرنەدەچوو "
دەربارەی ئەو قسانەی لەسەر کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هۆشیار زێباری دەکرێت کە باس لە تێوەگلانی دەکرێت لە دۆسیەی گەندەڵی؟
لە وەڵامدا ڤیان دەخیل کە هاوکات بەرپرسی کەمپینی هۆشیار زێباریە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارە وتی" هەر کەس کە خۆی کاندید دەکات بە کۆمەڵێک پرۆسەدا دەڕوات کە بریتیە لە دادگا و دەستپاکی، ئینجا پەسەند دەکرێت بۆ کاندیدبوون، دوێنێ ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەرچوون ئەگەر گرفتێکی یاسایی هەبووایە ئەوا ناوەکەی دەرنەدەچوو، هەمووان ئەوە دەزانن ئیستجوابی کاک هوشیار ئیستجوابێکی سیاسی بوو، کوتلەی سەدریش دەزانێت ئیستجوابەکە لەلایەن دەولەت ئەلقانون و مالکیـیەوە هاتبوو، بۆیە بڕوا ناکەم ئەو شتە هیچ کاریگەری هەبێت."
" گەرەنتیمان لە سەدر وەرگرتووە بۆ دەنگدان بە کاندیدەکەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار"
ڤیان دەخیل وتیشی" گەرەنتیمان لە سەدر وەرگرتووە بۆ دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وە هەمووشمان دەزانین کاریگەری موقتەدا سەدر چیە لەسەر کوتلەی سەدری. "