هەریەک لە زانکۆی هەڵەبجە و مۆزەخانەی جینۆسایدی ئەرمینیا، ڕێکەوتنێک لەسەر بابەتەکانی جینۆساید واژۆ دەکەن، بڕیارە مۆزەخانەکە لە ڕووی تەکنیکی و ئەزموونەکانیەوە هاوکاری زانکۆی هەڵەبجە بکات و وەفدێکی زانکۆی هەڵەبجەش لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی ئەرمینیا بکەن.
ئارشاک مانۆکیان کونسوڵی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئەمە دووەم جارە سەردانی هەڵەبجە، باسی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەڵەبجە و ئەرمینیامان کرد و گوتی توانیومان لە ساڵی ڕابردوو لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و مۆزەخانەی جینۆسایدی ئەرمینیا ئەو ڕێکەوتنە دەستەبەر بکەین و هاتووین تا بانگهێشتیان بکەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەسەر پرسی جینۆساد بیروڕا بگۆڕینەوە."
کونسوڵی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " لە داهاتوودا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بەشێک لە بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی هەڵەبجە لە مۆزەخانەی جینۆسایدی ئەرمینیا دابنێن و بەشێک لە بەڵگەکانی جینۆسایدی ئەرمینیاش بهێنینە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە."
دکتۆر مەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند" ئامادەکاریمان کردووە تا پەیوەندیەکانی زانکۆی هەڵەبجە لەگەڵ ناوەندە زانستیەکانی ئەرمینیا بگۆڕینەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا وەفدێکی هەڵەبجە سەردانی ئەرمینیا دەکات."
جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە مێژوودا لە 24-4-1915 ڕوویداوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنەکان جینۆساید کراون و لە 16-3-1988یشدا هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کراوە و 5 هەزار هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستادا مۆزەخانەی جینۆسایدی ئەرمینیا بە پێی ڕێکەوتنامەکەی بە شێک لە خزمەتگوزاری و ئەزموونەکانی تایبەت بەجینوساید دەبەخشێتە زانکۆی هەڵەبجە.