کەسایەتی شیعە ئایینزا ی عێراق موقتدا سەدر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەندێک لە تیرۆریستانی لە یاسا دەرچوو عێراق دەخزێننە ناو شەڕێکی مەترسیداری هەرێمایەتیەوە لە ڕێگەی بە ئامانج گرتنی وڵاتانی کەنداو.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی موقتەدا سەدر:
بە ناوی پەروەردگارەوە،
دوابەدوای ئەو توندوتیژیانەی کە هەروادێ و لە عێراق زیاد دەکەن لەلایەن ئەو چەکدارە تێرۆریستانەی دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و لایەنە سیاسییەکانیشن، هەندێک تێرۆریستانی لە یاسا دەرچوو بە پەلە کەوتنە ئەوەی عێراق بخزێننە ناو شەڕێکی مەترسیداری هەرێمییەوە لە ڕێی بە ئامانج گرتنی وڵاتێکی کەنداوەوە بە بیانوی ئاساییکردنەوە و شەڕی یەمەن و ئەو جۆرە شتانەوە.
هەرچۆنێک بێت، من بە تەواوەتی خزاندنی عێراق بۆ ناو ئەم جۆرە ململانێیانە ڕەت دەکەمەوە، هەروەها دەنگی خۆیشم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوانەی داوای ڕاگرتنی شەڕی یەمەن دەکەن، دەنگی خۆیشم دەخەمە پاڵ ئەوانەی داوای ڕاگرتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن لەگەڵ زایۆنیزمی دوژمندا.
ئەمەش لە ڕێی توندوتیژی و شەڕەوە نایەتەدی، بەڵکو لە ڕێی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە دێتە دی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمەکەدا نەک لە ڕێی ئەوەی پیرۆزییەکانی عێراق و گەلی عێراقیش بخرێنە بەر مەترسییەوە؛ عێراق پێویستی بە ئاشتی و شکۆ هەیە و هەروەها پێویستیشی بەوەیە نەبێتە پاشکۆی فرمانەکانی دەرەوە.
گرنگیشە عێراق نەبێتە بنکەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی تری هەرێمەکەش. دەبێت حکومەت بە پێداگری و سووربوونەوە سەروسەودا لەگەڵ ئەو بکەرانەدا بکات، دەنا هەر تەنها بە کەمتەرخەم دانانرێت، بەڵکو بێدەنگییەکەی دەبێتە مایەی بەرەنجامێک کە هەرگیز نایخوازێت.