بەپێی هاوسەرۆكی كامپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور، هێرشەکەی فرۆكە سەربازییەکانی توركیا كە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بۆ سەر دەوروبەری كامپی ڕوستەم جودی لە مەخمور ئەنجامدرا زیکەی 200 مەتر لە كەمپەكەوە دوور بووە، بەو هۆیەشەوە زیان بەر پەنجەرەی دەیان خانوو کەوتووە، دەشڵێت" پێشتر هێرش بۆ نێو كەمپەكەش كراوە."
كەمپی ڕوستەم جودی لە مەخمور دەكەوێتە سنوری قەزای مەخمور و لە ئێستادا ناوچەكە سەر بە حكومەتی عێراقیە، لە بارەی چۆنیەتی پاراستن و گرنگیدان بەو كەمپە لە لایەن حكومەتی عێراقیەوە، یوسف كارا هاوسەرۆكی ئەنجومەنی كەمپی ڕوستەم جودی لە مەخمور بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " حكومەتی عێراقیش بەپێی بەرژەوەندیە سیاسی و بازرگانیەكانی خۆی مامەڵە دەكات تائێستا هاوكاری مرۆیی و پاراستن و ئەركی دەوڵەتبوونی وەك پێویست نەبووە، چەند مانگ پێش ئێستا حكومەتی عێراق داوای لە ئێمە كرد كە ئیدارە و پۆلیسەكانیان بێنە كامپەكە ئێمەش پێمان وتون كە هیچ ڕێگریەك بەرامبەر بە قانوون و سیستەمی دەوڵەت نییە و ئێمە كۆچبەری سیاسین و لە نێو خاكی ئێوەدا دەژین دواتر نوێنەرایەتی و پۆلیسەكانی خۆیان هێنا و ئەو هێرشانەش ئەنجامدران، 24 كاتژمێریش فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بەسەر كامپەكەدا دەسورێنەوە بەڵام عێراق بێ دەنگە، داوا لە حكومەتی عێراقی دەكەین كە بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن چونكە خاكی ئەوان بۆردومان دەكرێت."
ناوبراو دەشڵیت " لە حەوت هێرشی فرۆكە جەنگیەكانی توركیادا كە ئەنجامدراون نزیكەی 14 كەسی شەهید بوون و بە دەیان برینداریشی لێكەوتووەتەوە و لەم هێرشەی دواییشدا 2 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 20 كەسیشی برینداركرد".
سەبارەت بە بوونی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی پەكەكە لەسەر چیای قەرەچۆغ و دەوروبەری كەمپەكە، غازی فەیسەڵ كە وەك فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە لە دەوروبەری مەخمور دەناسرێت بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ئێمە ناتوانین نكوڵی لەوە بكەین كە ئەو ئۆردوگایە سەر بە پەكەكە نین، ئەوانە لایەنگری پەكەكەن بەڵام ئەوەی كە باس دەكرێت چەك و هێزی پێشكەوتوویان هەبێت بەو شێوەیە نییە ئەوەی لەسەر لووتكەی چیاكە هەیە بۆ پاراستنی كەمپەكەیە و بەشداری شەڕی دژی داعشیان كردووە بەڵام بەڕەسمی كە چەكی پێشكەوتوو و لەشكەری نیزامی و دیاریان هەبێت بەو شێوەیە نییە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە دەگوترێت هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە گەریلاكانی پەكەكە لەو دەڤەرانە بوونیان هەیە و توركیاش ساڵانێكی زۆرە لە جەنگدایە دژی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، لەوبارەیەوە هاوسەرۆكی كەمپی ڕوستەم جودی لە مەخمور دەڵێت " پەكەكە زۆر لە توركیاوە دوورە توركیا لە ناو خاكی عێراق ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، بۆچی عێراق بە پەكەكە ناڵێت شوێنی تۆ لێرەنییە و دەركەوە ؟ لەبەر ئەوە وا ناڵێت چونكە پەكەكە ئەوانیش دەپارێزێت."
بەپێی زانیاریەكان كەمپی مەخمور لەساڵی 1998 دروستكراوە و نزیكەی 12 هەزار پەنابەر لە خۆ دەگرێت كە خەڵكی باكوری كوردستانن لە توركیا بە هۆكاری سیاسی كۆچبەری هەرێمی كوردستان و عێراق بوونە.