هێرشە موشەکییەکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی 10ی ڕابردووی عێراق، لەناو ئەو وڵاتەدا دوو جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێن؛ یەکەمیان دەڵێت، تەواوی ئەو توندوتیژیانەی لەم سێ مانگەی ڕابردوودا لە عێراق کراون، نیشانە و بەڵگەی پاشەکشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن و دەشڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ وەڵامێکی بە دەستەوە نییە بۆ ئەو پاشەکشە گەورەیەی کردویەتی، تەنها ئەوە نەبێت پیلانڕێژی ئەو جۆرە کارانە بکات و بڵێت ئەوەتا هێشتا دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت لە عێراقدا.
ڕای دووهەمیش لەو بڕوایە دایە، هێشتا زووە قسە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران بکرێت لە عێراقدا لەو ڕوانگەیەوەی یەک هەڵبژاردن و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و شکستی زۆربەی لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران بەس نین تا بگوترێت ئیدی ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو وڵاتە لە عێراقدا بەرەو کۆتایی دەڕوات. لێرەدا بەڵگەی سەردانەکانی سەرکردەی سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە نمونە دەهێننەوە و دەشڵێن ئەوەتا بەشدارە لە بڕیارە سیاسییەکانی عێراقدا.
ڕەهەندی یەکڕیزیی عێراقییەکان تەوەرێکی گرنگی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەیە.
عەرەبی سوننە تا ئێستا و ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە، یەکڕیزیی خۆیان پاراستووە و بۆ ئایندە چۆن دەبێت؟ ئەوەیان پرسیارێکی کراوەیە و هێشتا نازانرێت چۆن دەبێت.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ ماڵی شیعە و بۆ ماڵی کوردیش خەریکە دەبێتە هۆکاری دابڕان و لێکترازان، نەک هەر تەنها تێکچوونی یەکڕیزیی.
میوانی بەرنامە:
کاوە حەسەن، بەڕێوبەری پرۆگرامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە نێوەندی ستیمسون
ڕۆژ بە ڕۆژیش بەپێی لێدوانەکان، کەلێنەکان گەورەتر دەبن، بێگومان ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت بەسەر سیاسەت لە تەواوی عێراقدا، هەر هیچ نەبێت لە چوار ساڵی داهاتوودا، ئەڵبەت ئەگەر ئەو جۆرە کاریگەرییە بۆ چەندان ساڵی تری دوای ئەوەش درێژ نەبێتەوە.
ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن، شیعەکان بە جیاوازی و ناکۆکی "حەوزە"کانیانەوە، دەخوازن عێراق بەڕێوەبەرن، کوردەکانیش بە هەمان شێوە دەخوازن سنوری "دێگەڵە" لەگەڵ خۆیاندا ببەنە بەغدا و دەست بەکار بن.
زۆرێک لە شیکەرەوەی سەربەخۆ لەوبڕوایەدان، عێراق پێویستی بە بیرکردنەوەی نوێ هەیە بۆ بونیاتنانی متمانەیەکی ڕاستەقینەی عێراقیانە دوور لە بەرژەوەندی و دروشمە سواوەکانی 19 ساڵی ڕابردوو؛ دەشڵێن عێراق پێویستی بە کارنامەیەکی بابەتیانەی پڕ لە پڕۆژەی چاکسازی و دنیابینی نوێ هەیە تا بتوانێت بگاتە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە ناوچەکەدا و لە جیهانیشدا، بەڵام نکوڵیش ناکرێت لەوەی لە ئاوەها ڕەوشێکدا کە هیچ بەهایەک بۆ یەکڕیزیی نەماوە، قورسە بتوانرێت حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت، جا ناوی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بێت یان ناوی حکومەتی ڕێککەوتنی سیاسی بێت.
کاوە حەسەن، بەڕێوبەری پرۆگرامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە نێوەندی ستیمسون بنکە لە بروکسل، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.