Accessibility links

 تەیب ئەردۆغان دەڵێت ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کێشەکانی ئۆکرانیا خراپتر دەکەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بە "خراپترکردنی" قەیرانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕەخنەش لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەگرێت.

ئەردۆغان ئەم لێدوانانەی لە کاتێکدا داوە کە ڕۆژی پێنجشەممە لە سەردانەکی بۆ کەیڤ گەڕایەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵی کۆبونەوەیەکی لوتکەیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەدات بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن ئامادەکاری بکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

ئەردۆغان هەوڵ دەدات پێگەی تورکیا، کە ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆیە، وەکو نێوبژیوانێکی بێلایەنی نێوان مۆسکۆ و کەیڤ نیشان بدات.

لە نێو فڕۆکەکەیدا لە دەمی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی تورک ڕەخنەیەکی زۆری لە هەڵوێستەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لەسەر ئەم قەیرانە گرت.

ئەو گوتی " بەداخەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەتا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەکردووە. دەتوانم بڵێم تەنها شتەکان خراپتر دەکەن." ئەو ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش گرت و گوتی " بایدن هەتا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەرێکی پۆستیڤ نیشان بدات."

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەردۆغان پێشنیاری خۆی بۆ میوانداریکردنی لوتکەی ئۆکرانیا و ڕوسیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە تورکیا دووپاتکردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاوپەیمانانمان و هاوبەشەکانمان یەکدەنگن لەگەڵ ئۆکرانیادا. پێکەوە ئێمە داوا لە ڕووسیا دەکەین گرژی و ئاڵۆزییەکان کەمبکاتەوە و کێشەکە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکات. شکۆمەندی هەرێمی و سەروەری ئۆکرانیا دەبێت بپارێزرێت."

ڕووسیا کە لە ساڵی 2014 دا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای بەشێوەیەکی نایاسایی گرتەخۆی و پشتیوانی لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات، زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیر کردووە. وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش پێیان وایە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا ئەوە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام کۆمەڵێک داواکاریی ئەمنی ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کردووە، لەوانەش ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە دواین ڕاگەیاندنیدا دەڵێت یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای " بەهێز و گشتگیری " بۆ ڕووسیا ئامادەکردووە ئەگەر مۆسکۆ بەردەوام بێت لە دوژمنکارییەکانی بەرامبەر ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG