Accessibility links

مادە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە داهاتووی عێراق دەکەن


مادە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق بڵاودەبێتەوە، تا دێت ڕێژەی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر ڕوو لەهەڵکشان دەکات، و ژمارەی بەکارهێنەران و ئالودەبووانیش بەرزتردەبێتەوە، بەشێوەیەک کەم ڕۆژ هەیە، دەیان فرۆشیار و کڕیاڕی مادەی هۆشبەر دەستگیرنەکرێن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنها لەماوەی 22 ی مانگدا، 17000 کەس لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

زۆربەی ئەو ناوچانەی مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاوبووەتەوە، ناوچە سنورییەکانی نزیک لە ئێرانن، هەرلەو ناوچانەشەوە مادەی هۆشبەر دەگاتە شار و شارۆچکەکانی تری عێراق، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر باندی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دروست ببن.

عەمید هوما بەرزنجی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەوانەی مادەی هۆشبەر دەهێننە نێو کەرکوک، چاودێریان دەکەین، بۆیە بەردەوام لێیان دەستگیردەکەین."

بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک، بەرپرسانی عێراق بەئاشکرا هۆشداری دەدەن لە خراپتربوونی دۆخەکە، بەپێی وتەی هەندێک لە بەرپرسانیش، بەشێک لەوانەی بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکەن دەسەڵاتدارەکانن.

عەلی مەهدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەنجێکی زۆری عێراقی ئالودەی مادەی هۆشبەربوون، دۆخەکە هێندە مەترسیدارە، خەریکە لەدەست دەردەچێت."

مەترسی ئالودەبوون و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر تەنها لە مەترسی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دا نەماوەتەوە، بەڵکو مەترسی لەسەر دۆخی ئەمنیش دروستبووە، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت لەداهاتوودا، باندەکانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر ژمارەیان زیادبکات و پشێویش بنێنەوە.

لەماوەی ڕابردوودا، کاتێک هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین، بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەریان بەناوی ( محەمە تورکمانی) دەستگیرکرد، لایەنگرانی بازرگانەکە هەڵیانکوتایە سەر پۆلیس و تەقەیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەمەش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەمارە، کوژرانی دادوەر (ئەحمەد خەساف)ی ڕاگەیاند، ئەو دادوەرە لە دۆسیەکانی تایبەت بەمادە هۆشبەرەکان کاریکردووە و لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کوژراوە. ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش وێڕای ئیدانەکردنی کوژرانی دادوەرەکە، پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشی ڕاگەیاند.

هەروەها دادگای تاوانەکانی کەرکوک/گەرمیانیش، هەر ئەمڕۆ یەکشەمە، 8 کەسی بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان سزادا و هەریەکەیان بە ساڵێک حوکمدران.

عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەی گەرمیان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی گەرمیان، بە تاوانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، 8 کەسی سزاداوە."

بەپێی وتەی عتور موسەوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژنان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و گرفتی ئابووری، هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکانن لە عێراق.

جۆرەها مادەی هۆشبەر لە عێراق بڵاوبووەتەوە، هەر لە تریاک، حەشیش، هیرۆین، تادەگاتە کریستاڵ و جۆرەها مادەی تر، کە باندەکانی فرۆشتن بە ڕێگەی نهێنی دەیگەیەننە دەست کڕیارەکانیان.

عەمید هوما بەرزنجی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەکەرکوک جەختیکردەوە، کریستاڵ بەزۆری لە ناوچەکانی عێراق بڵاوبووەتەوە، وتی"بەردەوام هێزەکانمان لەسەر شەقامن، دەستگیریان دەکەین و ڕادەستی دادگایان دەکەین."

ڕێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تەواوی عێراقی گرتووەتەوە بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بەتایبەت لەماوەی ڕابردوودا، هێزە ئەمنیەکانی هەرێم دەستیانگرت بەسەر دەیان کیلۆ مادەی هۆشبەردا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:14 0:00

XS
SM
MD
LG