نەهرۆ شەوقی، هونەرمەند و میدیاکار لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا باسی لە گرنگییەکانی پاراستنی کلتور و ژینگە بۆ کردین.
نەهرۆ شەوقی، بە دڵنیاییەوە، یەکێکە لەو میدیاکارانەی دەچێتە خانەی پێشەنگەکانەوە لە سۆنگەی ئەو هەوڵانەی دەیاندات بۆ پاراستنێکی بابەتیانەی ژینگە و کلتور.
چەمکی ژینگە پارێزی و پاراستن و ڕۆشنبیریی کلتوری لە ئێستادا بابەتگەلێکی گرنگن، نەک هەر تەنها لەسەر سەکۆکانی گوتاردان، بەڵکو بۆتە کردەیەکی پڕ بەها بۆ خەڵکیش. کەم نین ئەوانەی کاردەکەن لەسەر پرەنسیپ و پاراستنی کلتور و ژینگە و مەبەستیشیانە بکرێنە بەرنامەی ڕژد بۆ ڕێزگرتن لە ژینگە و لە کلتوریش.
بەشێکی گەورەی ڕێزگرتن و پاراستنی کلتور و ژینگە، ئاشنابوون و ناسینی کلتوری نەتەوەیە. ئەڵبەت بەهۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر تورکیا و عێراق و ئێران و سوریادا وەهای کردووە مرۆڤی کورد ئاشنایەتییەکی تەواوی نەبێت لەگەڵ ژینگە و کلتوری هەموو نەتەوەی کورددا لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا.
نەهرۆ شەوقی، دەستیکرد بەو پرۆسەی ئاشناکردنە و لە ڕێی کارە میدیاییەکانییەوە بە کلتور و ژینگەی بەشەکانی تری کوردستانمان ئاشنا دەکات.
لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا، نەهرۆ شەوقی، هونەرمەند و میدیاکار باسی لە ڕۆڵی میدیا بۆ کردین لەم چەمکەدا بەڵام هەروەک لە کۆتایی ئەو بەشەی بەرنامەکەدا ئاماژەم پێکرد پێویستە بزانرێت ئایا ڕاپۆرتە میدیاییەکان چەندێک کاریگەرییان هەبووە یان هەیە تا دەسەڵاتداران میکانیزمی نوێ دابنێن بۆ پاراستنی ژینگە؟ بۆ نمونە ئایا میکانیزمێک هەیە بۆ لادانی ئەو هەموو پاڵاوگانەی نەوت لەسەر چەم و ڕووبارەکان کە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پیسبوونی ئاوی سازگار و هەروەهاش ناساز کردنی ژینگە؟
نەهرۆ شەوقی، هونەرمەند و میدیاکار، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.