Accessibility links

دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری و ئەگەری بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتی نێوان پارتی و ڕەوتی سەدر


کۆشکی کۆماری عێراق
کۆشکی کۆماری عێراق

بڕیارە سبەینێ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، بەڵام بەبڕیاری دادگای فیدراڵی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ ئەو پۆستە ڕاگیراو تا ئێستاش لایەنە سیاسیەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەکەی سبەینێ تەواو نەبێت، کە دانیشتنەکە پێویستی هەیە بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتارە لەکۆی 329 پەرلەمانتار.

پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە سێ پۆستە باڵاکەی عێراق و پشکی کوردە، یەکێتی و پارتی ملمڵانی دکەن لەسەری، بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتیە و پارتی پێی ڕازی نییە، هۆشیار زێباریش کاندیدی سەرەکی پارتیە و ئەمڕۆ مافی خۆ کاندیدکردنی وەستێنرا، بەو پێیەی لەدادگا سکاڵای یاسایی هەبووە لەسەری.

دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد لەبارەی دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆسیەی کۆن لەسەر هۆشیار زێباری هەڵدراوەتەوە، شکاتی لێکراوە، بۆیە دادگا خۆ کاندیدکردنەکەی ڕاگرتووە."

ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، ڕەوتی سەدر و چەند کوتلەیەکی تر، دانیشتنەکەی سبەینێ یان بایکۆت کردووە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو ببێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان خواستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری هەبوو، هەوڵیدەدا هۆشیار زێباری لەدانیشتنەکەی ڕۆژی 7 ی مانگدا بگەیەنێتە سەر کورسی سەرۆک کۆمار، بەڵام بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن ڕەوتی سەدر و بڕیارەکەی دادگا دژی زێباری، ئەو هەوڵەی شکست پێهێنا.

هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا قسەلەگەڵ بەرپرسانی پارتی بکات، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەبارەی هەڵوەشاندنەوە یاخود بەردەوامی هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ سەدر بدەن، بەڵام سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لەبەغدا کەداوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەدر دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە."

سەرچاوەکە وتیشی"ڕەنگە سەدر دەستپێشخەری ئەوە بۆ لایەنە شیعەکان بکات، ناوی 4 کاندید بخاتە بەردەمیان، تا یەکێکیان دەستنیشان بکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران."

بەبڕوای سەرچاوەکە، ڕەنگە لەداهاتوودا هاوپەیمانێتیەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، بەوەی سەدر پشتگیری لەبەرهەم ساڵح بکات و لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش دژایەتی بکەن.

هەرچەندە موقتەدا سەدر بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەشێک لەبەرپرسانی عێراق پێیانوایە بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی سبەینێ، کردنەوەی دەرگای ڕێککەوتنە بەڕووی هێزە شیعەکان و پاشەکشەکردنە لە ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت دوای ڕاگەیەنراوەکەی سەدر و داواکردن لەپەرلەمانتارەکانی بەوەی دەنگ بەزێباری نەدەن، گەر تۆمەتی یاسایی لەسەرە.

دکتۆر مەحمود عوسمان ڕوونیکردەوە، موقتەدا سەدر بۆیە بایکۆتی دانیشتنەکەی سبەینێ ی پەرلەمانی عێراقی کرد، ویستی ڕێگە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بگرێت، چونکە ئەوان پێشتر بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکەیان دابوو، وتی"سەدر ئەو یاریەی کرد، تا خۆی بکاتە خاوەن هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە، نەک چوارچێوەی هەماهەنگی ببنە خاوەنی."

دکتۆر مەحمود عوسمان، وتیشی"پێناچێت ڕێککەوتنەکەیان هەڵوەشێتەوە، چونکە دوای بڕیارەکەی بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکە ڕۆژی 7 ی مانگ، سەدر پەیوەندی بە بارزانیەوە کرد."

لە ئێستادا گرفتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتیش قوڵتر بووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کاندیدی سەرەکی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕاگیرا، هەروەها یەکێتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح و پارتیش ڕەتیدەکاتەوە، ئەمە جگە لەو ناکۆکیە قوڵەی لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت لەنێوان هێزە شیعەکاندا هەیە.

XS
SM
MD
LG