د. نوری تاڵەبانی پسپۆڕی یاسای دەستوری دەڵێت " ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارەکردنەوەی دەرگا بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نادەستورییە، چونکە لە کاتێکدا دەقێکی دەستوریمان هەبێت بە ئاشکرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەکراوە ئەگەر ناکۆکی لایەنەکان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بکرێت، چونکە پێچەوانەی ئەو دەقە دەستورییە کراوە کە کارەکەی چارەسەر کردووە." دەشڵێت "من وای دەزانم دەیانەوێت بە شێوەیەکی وا کارەکە ئەنجام بدەن کە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە کارێکی نادەستورییە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ دەقی دەستوری، دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە باشترین سزایە بۆ ئەو لایەنەی ئەو کارەی کردووە. "
"پێچەوانەی ئەو دەقە دەستورییە کراوە کە کارەکەی چارەسەر کردووە"
لە سەرەتای قسەکانیدا د. نوری تاڵەبانی وتی" لە هەموو وڵاتێکی دەستوریدا کار بە ڕزیبەندی یاسایی دەکرێت، سەرەتا بە دەقە دەستورییەکان، دواتر دەقە قانونیەکان، پاشان بە ڕێنماییەکان، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات بەداخەوە پابەند نەبوونە بەو دەقە دەستورییانە، ئەگەر دەقە دەستورییەکان بە ئاشکرا ئەمەی ڕوونکردبووەوە پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ هیچ دەقێکی تر، لە ماددە 13 ی دەستوری عێراقدا ئەو ڕاستییە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس حکومەت و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پابەند نەبوون بەو پڕەنسیبە دەستورییە، یان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان کارییان کردووە، چەندین ماددەی دەستوری هەیە خۆیان لێی لاداوە و کارییان پێ نەکردووە، هەروەک ماددە 140 ی دەستوری عێراقی کە دەبوو تا کۆتایی ساڵی 2007 جێ بەجێبکرێت بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان جێ بەجێیان نەکرد، هۆکاری جێبەجێ نەکردنەکەش ئەوە بوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بڵێن ماوەکەی بەسەرچووە ئەو مادەیە. "
د. نوری تاڵەبانی جەختیکردەوە" بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن نادەستورییە، چونکە لە کاتێکدا دەقێکی دەستوریمان هەبێت بە ئاشکرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەکراوە ئەگەر ناکۆکی لایەنەکان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بکرێت، چونکە پێچەوانەی ئەو دەقە دەستورییە کراوە کە کارەکەی چارەسەر کردووە. "
" دەیانەوێت بە شێوەیەکی وا کارەکە ئەنجام بدەن کە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە کارێکی نادەستورییە"
د. نوری تاڵەبانی لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی" من وای دەزانم دەیانەوێت بە شێوەیەکی وا کارەکە ئەنجام بدەن کە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە کارێکی نادەستورییە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ دەقی دەستوری لە کاتێکدا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەدەستوردا یەکلایی کرابێتەوە پێویستە بە پێی ئەو ماددە دەستورییە یەکلایی بکرێتەوە. "
" کێ دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات؟ کێ دەتوانێت بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە"
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کێ دەتوانێت سکاڵا لەسەر ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان تۆمار بکات تا هەڵبوەشێنرێتەوە؟
د. نوری تاڵەبانی وتی" بە بۆچونی من ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیدارن و بەرژەوەندییان لەوەدا هەیە کە دەستوری عێراقی پێویستە جێبەجێ بکرێت بەو شێوەیەی کە داڕێژراوە، ئەو لایەنانە لایەنی پەیوەندیدارن دەبێت ئەوان ڕەخنە لەو هەڵوێستە بگرن، دادگای باڵاش دەبێت بڕیاری خۆی بدات لە جێی ئەوەی کە سەیری کارێک بکات کە بەرژەوەندی ئەم و ئەو یا لایەنێکی سیاسی تێدایە."
وتیشی" هەر لایەنێک کە هەوڵی پاراستن و جێبەجێکردنی دەستور دەدات، بە ڕوونی باس لەو لایەنانە کراوە، بۆیە ئەو لایەنانە دەبێت ئەو ڕەخنەیە( تانەیە) ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی بکەن."
" ئەو سەرۆک کۆمارە هەر بەنادەستوری دەمێنەتەوە ئەگەر .... "
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر کەسێک لەم سێ ڕۆژەی کە بە بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن کراوەتەوە بوو بە سەرۆک کۆمار ، لە دواتر دادگای باڵا دەتوانێت ئەو سەرۆک کۆمارە دوربخاتەوە هەتا ئەگەر پۆستەکەشی وەرگرتبوو؟
لە وەڵامدا د. نوری تاڵەبانی وتی" ئەگەر کارێک بە نادەستوری کرا ئەوە ئەو کارە هەر بە نادەستوری دەمێنێتەوە، هەتا شوێنەوارەکەی ئەمێنێت، لەبەر ئەوەی کاری نادەستوری هەر نادەستورییە هەتا ئەگەر بە کاری پێچ و پەنا شتێکی وایان کردبێت کە پێچەوانەی دەستور بێت دەبێت هەر هەڵبوەشێتەوە، هەتا دادگای فیدراڵی لە هەرکاتێکدا بێت دەتوانێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر ئەو کاندیدەی لەو ماوە دەستوریە خۆی کاندید کردووە پۆستەکەی وەرگرتبێت، چونکە کاری سەرەکی ئەو دادگایە ئەوەیە کە نەهێڵێت کاری نادەستوری ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە لە عێراق تا ئێستا ئەوە ڕووینەداوە، هەروەک وتم جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەو شێوەیە دواخرا بەڵام هیچ لایەنێک نە لەسەرۆکایەتی کۆمار، نە ئەنجومەنی نوێنەران نە ئەنجومەنی وەزیران نەبوو سکاڵا لەو دادگایە تۆمار بکات و بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت. "
" هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە باشترین سزایە بۆ ئەو لایەنەی ئەو کارەی کردووە "
لە کۆتا بەشی وتووێژەکەی بەشی کوردی ئەمەریکا، د. نوری تاڵەبانی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان، سزایەکی جەزائی هەیە بۆ ئەو کەسەی پێشێلی دەستور دەکات؟ یاخود دەتوانێت لەم حاڵەتەدا سەرۆکی پەرلەمان لە کار بخات؟
لە وەڵامدا د. نوری تاڵەبانی وتی" ئەوە دەمێنێتەوە بۆ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێی دراون، ئێستا من ناتوانم بڵێم ئەو سزایە هەیە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە باشترین سزایە بۆ ئەو لایەنەی ئەو کارەی کردووە. "